شاندێکی وەزارەتی دارایی بە لیستی مووچەوە دەچێتە بەغدا

بڕیارە سبەی دووشەممە، 28-10-2024، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بچێتە بەغدا و لیستی مووچەش لەگەڵ خۆیان دەبەن.
ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ لیستی مووچە کردووە، دوای هەڵبژاردن لیستەکە بۆ حکوومەتی فیدراڵی دەنێردرێن و مووچەی مانگی 10 خەرج دەکرێت، پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەوە دەرچووە کە بکرێتەوە موزایەدەی سیاسیی.
گوتیشی: دوای سەردانەکی سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، کێشەی مووچە بە شێوەیەکی ڕێشەیی چارە کراوە، بۆیە لە مانگەکانی داهاتوو، مووچە لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت و دوا ناکەوێت.
جێگری سەرۆکی لێژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق، باسی لەوە کرد، ئێستا ئامانجمان هاوتاکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ عێراق، لەم پێناوەش پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی زۆری داوە.
دوو شەممە، 07-10-2024، بڕی 329 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
کۆی گشتی ئەو پارەیەی لە بەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، بریتیی بوو لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار؛ بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.
هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە، 17-10-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە. کە بە گوێرەی خشتەکە، ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، بە خانەنشینی مەدەنی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ) کرا و ڕۆژی پێنجشەممە، 24-10-2024، بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەهات.