سەردانی شاندی وەزارەتی دارایی بۆ بەغدا بۆ سبەینێ دوا خرا

ئەو شاندەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئێوارە بچێتە بەغدا، سەردانەکەیان بۆ سبەینێ دووشەممە، 28-10-2024 دوا خرا، تاوەکوو بە کاغەزیش لیستی مووچەکە لەگەڵ خۆیان ببەنە بەغدا.

شاندەکەی وەزارەتی دارایی پێک هاتوون لە "کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لەوەزارەتی دارایی و ئابووریی، ڕێباز عەباس، ڕاوێژكارى وەزيری دارایی و ئابووریی."

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری،  شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی سەردانی بەغدا دەکەن، سەردانەکەش بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەیە کە لە لیستی مووچەدا هەن، هەروەها لیستی مووچەی مانگی 10ـش لەگەڵ خۆیان دەبەن. "هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەو تێبینیانەی لەبارەی لیستی مووچەوە هەبووە، بە گوتەی وەزارەتی دارایی، لە سەدا 75ـی چارە کراوە؛ دوای ئەوەی لیستی مووچەی مانگی 10 ئامادە کراوە، بڕیارە سبەی لیستەکە ڕادەستی بەغدا بکەن."