سبەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت
سبەی دووشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سبەی دووشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2024، مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەست لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
بێجگە لەمە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە پێنج هەزار و 88 مامۆستای گرێبەستی کردە هەمیشەیی، هاوکات 748 مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانە حکوومەتییەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دامەزراند.
ئەو 37,933 مامۆستایە پێشتر وانەبێژ بوون، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرانە گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی مووچەکانیان دوای بەگرێبەستکردنیان، دەگاتە زیاتر لە 18 ملیار دینار.