مەسعود پزیشکیان: ئێران وەڵامی گونجاوی ئیسرائیل دەداتەوە

مەسعود پزیشکیان
مەسعود پزیشکیان

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان گوتی: کۆماری ئیسلامی "بەدوای شەڕەوە نییە" بەڵام بەڵێنی داوە وەڵامی گونجاو بداتەوە بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران.

یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی گوتی: کۆماری ئیسلامی "بەدوای شەڕەوە نییە" بەڵام بەڵێنی داوە وەڵامی گونجاو بداتەوە بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران.

پزیشکیان لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا گوتی "ئێمە بەدوای شەڕەوە نین، بەڵکو بەرگریی لە مافەکانی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان دەکەین، گوتییشی: "ئێمە وەڵامێکی گونجاو دەدەینەوە بۆ دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی."

بەرەبەیانی شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

هەر شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، "به پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە." ئاماژەی بەوەش کرد "ئێران مافی بەرگرییکردنی لە خۆی هەیە لە دوای ئەو لێدانەی ئیسرائیل."