ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ په‌رله‌مان ده‌كشێنه‌وه‌ كورسییه‌كانیان دابه‌ش ده‌كرێت

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان به‌شێك له‌ لیست و لایه‌نی سیاسی ناڕازی بوون به‌و ده‌نگانه‌ی به‌ده‌ستیان هێناوه‌، به‌شێك له‌وانە باس له‌ كشانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، بە کشانەوەی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان، كورسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر و سلێمانی زیاد دەکات و یەکێتیش کورسییەک زیاد دەکات،

کۆمەڵی دادگەری کشایەوە و ئەوەی ماوەتەوە بڕیاری کۆتایی بدا بەرەی هەڵوێستە، کۆمەڵی دادگەری سێ کورسی و بەرەی هەڵوێست چوار کورسی و بەهەردووکیان حەفت کورسی پەرلەمانییان هەیە.

کۆمەڵی دادگەری دەڵێت: سەرکردایەتی بە کۆی دەنگ ئەم بڕیارەی داوە، چاوەڕێی دوا ئەنجامەکانی کۆمسیۆنین.

لەگەڵ پرسی کشانەوەی هەر حزب و لایەنێک، ڕاستەوخۆ باسەکە دێتە سەر پڕکردنەوەی کورسییەکانیان، ئەوەی لەم هاوکێشەدا سوودمەندی یەکەم دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بە دوو کورسی، دواتر یەکێتی نیشتمانی كوردستانە و یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان و بەرەی گەلە.

ئارام نەجمەدین، شارەزای بواری هەڵبژاردن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر کۆمەڵ لە پەرلەمانی بکشێتەوە دوو کورسی بۆ پارتی دەبێت و کورسییەکیشی بۆ یەکێتی دەبێت، ئەگەر بەرەی هەڵوێستیش بکشێتەوە کورسییەکانی بۆ یەکگرتوو، بەرەی گەل و سەردەم دەبێت.

ڕۆژی هەینی، 18ـی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.

ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی بەرایی:

 پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی

جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی 

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی

ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی

بەرەی گەل: 2 کورسی

بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی

هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی

کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی