لە هێرشێکی ئیسرائیل سێ کارمەندی تەندروستی لوبنان کوژران

خانەوادەی قوربانیان لە لوبنان
خانەوادەی قوربانیان لە لوبنان

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایدەگەیەنێت: سێ کارمەندی فریاگوزاری سەر بە کۆمەڵگەی ئەلڕیسالەی بزووتنەوەی ئەمەل کە هاوپەیمانێکی سەرەکی حیزبوڵڵایە، ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر سەنتەری تەندروستییان لە گوندێکی باشووری لوبنان کوژراون.

یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند: سێ کارمەندی فریاگوزاری سەر بە کۆمەڵگەی ئەلڕیسالەی سەر بە بزووتنەوەی ئەمەل کە هاوپەیمانێکی سەرەکی حیزبوڵڵایە، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر سەنتەری تەندروستییان لە گوندێکی باشووری لوبنان کوژراون.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەنتەرێکی کۆمەڵەی ئەلڕیسالە بۆ فریاگوزاری تەندروستی - بەرگری شارستانی لە شارۆچکەی عەین بەعل، بووە هۆی کوژرانی سێ کارمەندی فریاگوزاری."

ناوەندی جموجۆڵە خێراکانی تەندروستی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لوبنان پێشتر بڵاوی کردەوە، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی تەندروستی لە بازوریە، کارمەندیكی فریاگوزاریی لە سێکتەری تەندروستی بەرگریی شارستانی کوژرا و 5ـی دیکەش برینداربوون کە سێیان لە هەمان سێکتەردان.

وەک ناوەندەکە ئاشکرای کردووە، کۆی گشتی ئەو فریاگوزارانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کوژراون، گەیشتووەتە 164 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بەرزبووەتەوە بۆ 275.

بەڵام بەو سێ کارمەندەی ئەمڕۆش لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، ژمارەی کوژراوانی ئەو سێکتەرە گەیشتە 167 کەس.