ناتانیاهۆ و دوو وەزیر پێشنیازەکەی میسریان بۆ ئاگربەستی شەڕ لە غەززە ڕەت کردەوە

ئیتمار بن غەفیر - بنیامین ناتانیاهۆ - بێتسلئێل سمۆتریچ
ئیتمار بن غەفیر - بنیامین ناتانیاهۆ - بێتسلئێل سمۆتریچ

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و هەر یەکە لە ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی و بێتسلئێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی حکوومەتی ئیسرائیل پێشنیازە نوێیەکەی میسریان بۆ ئاگربەست لە غەززە ڕەت کردەوە.

کەناڵی 12ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە "پێشنیازەکەی میسر لەلایەن ئەنجوومەنی بچووک کراوەی وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆی لەسەر کراوە، جگە لە ناتانیاهۆ و بن غەفیر و سمۆتریچ، ئەندامەکانی دیکەی کابینەی جەنگ ڕەزامەندیان لەسەر پێشنیازەکەی میسر داوە و پەسندیان کردووە."

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵە ئیسرائیلییەکە بڵاوی کردووەتەوە "ناتانیاهۆ ئاماژەی داوە، ئاگربەستی دوو ڕۆژە بەر لە ئازادکردنی بارمتەکان هیچ ئەنجامێکی نابێت، هەربۆیە دانووستانەکان تەنیا لە ژێر کاریگەری شەڕ و بۆمباران بێت."

لە بارەی پێشنیازەکەی میسر بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە، تاوەکوو ئێستا بزووتنەوەی حەماس هیچ هەڵوێستێکی فەرمی بڵاو نەکردووە، بەڵام بەرپرسێکی فەڵەستینی نزیک لە لایەنە نێوەندگیرەکانی ئاگربەست بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکات حەماس چەند داواکارییەکی نوێی هەبێت، بەڵام هێشتا مکوڕە لەسەر ئەوەی هەر ڕێککەوتنێک دەبێت کۆتایی بە شەڕ و دەرچوونی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بهێنێت.

هەروا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، شەڕ کۆتایی نایەت تا ئەو کاتەی کۆتایی بە هێز و توانا سەربازیی، سیاسی ئیدارییەکانی حەماس دەهێنن لە کەرتی غەززە.

لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ، لە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بەهۆیەوە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە ڕفێندران، کە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی حکوومەتی جەنگی ئیسرائیل، 34 کەس لە بارمتەکان کوژراون و 97 کەسی دیکەشیان هێشتا لە دەستی حەماسدان.

زیاتر لە ساڵێک و یەک مانگە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بەردوامە و بەهۆیەوە نزیەکی 43 هەزار فەڵەستنی لە غەززە کوژراون و  نزیکەی 100 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر پێشنیازی ئاگربەستی کاتی دوو ڕۆژە لە غەززە پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی چوار بارمتەی ئیسرائیلی بەرانبەر بە ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی  ئاڵوگۆڕ بکرێن، بۆ ئەوەی ببێتە هەنگاوی ڕاگرتنی ئەم شەڕە خوێناوییەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە.