ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا
شاندەکەی وەزارەتی دارایی لیستی مووچەش لەگەڵ خۆیان دەبەن
بڕیارە ئێوارەی دووشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2024، شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی پەیوەستن بە مووچەی مووچەخۆرانەوە بچێتە بەغدا.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، شاندی وەزارەتی دارایی لەگەڵ خۆیاندا لیستی مووچەی مانگی 10 مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبەنە بەغدا بۆ ئەوەی هەرچی زووە خەرج بکرێت و لە هەرێمی کوردستان دابەشکردنەوەی مووچە دەست پێ بکات.
هەرچەندە بڕیاربوو شاندەکە دوێنێ بچێتە بەغدا، بەڵام سەردانەکەیان بۆ ئەمڕۆ دووشەممە، دواخرا و بڕیارە لەم سەردانەدا چارەی گرفتەکانی پەیوەست بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی، بایۆمەتری و کۆرتهێنانی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق یەکلایی بکەنەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنێ یەکشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە "لەسەر بنەمای ئەو ڕێکكەوتن و لێکگەیشتنانەی لەنێوان وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بابەتی چارەکردنی کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، پێویستە:
1- هەموو ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و وارسی شەهیدانەی تا ئێستا ( upn ) یان نییە و خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە، پێویستە تا 20-11-2024 خۆیان تۆمار بکەن.
2- بڕیاری خۆتۆمارکردن لە سیستەمی بایۆمەتی هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەگرێتەوە کە بەهۆکاری جیاواز لەدەرەوەی وڵاتن یان مۆڵەتی بێمووچە و خوێندن و هتد..
3- هەر کەسێک مووچەخۆری حکوومەتی هەرێم بێت و تا 20-11-2024، کۆدی بایۆمەتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی ڕادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت."