پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گەڕی یەکەم یەکلایی نەبووەوە

لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ پەرلەمانی عێراق، 271 پەرلەمانتار دەنگیان دا و، هەڵبژاردنی سەرۆک لەم گەڕە یەکلاییی نەبووەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی 166ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە ئامادەبوونی 95 ئەندام، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەستی پێکرد.
بەر لەوەی دەنگدان دەست پێبکات ژمارەی پەرلەمانتاری ئامادەبوو بەرز بووەیەوە بۆ 271 پەرلەمانتار و سەرجەمیان بەشدارییان لە دەنگدان کرد.
هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵاڵ زەوبەعی و عمار عەبدولجەبار، کاندید کراون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردن سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان، مەحموود مەشهەدانی 153 دەنگ، سالم عیساوی 95 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 9 دەنگیان بەدەست هێنا، هەروەها 14 دەنگی پووچەڵیش هەبوون.
بەهۆی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی %50 + 1 دەنگەکان بەدەست بهێنێت واتە 166 دەنگ بەدەست بهێنێت، بۆیە دەنگدانی گەڕی یەکەم کۆتایی هات و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە گەڕی دووەمی دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە.
لە گەڕی دووەمی دەنگدان، ئەو دوو کاندیدەی کە زۆرینەی دەنگەکانی گەڕی یەکەمیان بەدەسهێناوە کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام لەم گەڕەش هەر کاندیدێک 166 دەنگ بەدەست نەهێنێت ئەوا دیسان پۆستەکە یەکلایی ناکرێتەوە، بەڵکو دەبێت یەکێک لە کاندیدەکان بکشێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
سوننەکان تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی.
بەگوێرەی زانیاریی مێدیا عێراقییەکان "محەممەد حەلبووسی بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە."