شاخەوان عەبدوڵڵا پیرۆزبایی لە مەشهەدانی دەکات

بەبۆنەی هەڵبژاردنی مەحموود مەشهەدانی، وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی لە ناوبراو کرد.
نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی لە مەحموود مەشهەدانی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
هاوکات هیوای خواست لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت و ئاماژەی بەوە دا، پێویستە پەرلەمان بە ئەرك و بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆی لە چاودێریكردن و دەركردنی یاساکان هەڵبستێت، ئەمیش لە پێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان و بەهێزكردنی سەقامگیری لە وڵات دا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد و هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان کرد.
گەڕی دووەمی 271 پەرلەمانتار ئامادەی دەنگدان بوون، مەحموود مەشهەدانی بە دەنگی 182 پەرلەمانتار، سەرکەوت بەسەر ڕکابەرەکەی و بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.