سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق پیرۆزبایی لە مەشهەدانی دەکەن
بەهۆی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەلایەن مەحموود مەشهەدانییەوە، سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق پیرۆزباییان ئاراستەی ناوبراو کرد.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای پیرۆزبایی لە مەشهەدانی، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی حکوومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری بەردەوام دەبێ لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت.
لەلایەکی دیکەوە، محسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی دەرچوونی و هەڵبژاردنی بە سەرۆکی نوێی پەرلەمان لە مەحموود مەشهەدانی کرد.
هەروەها هاوپەیمانی سیادە لە پەیامێکدا پیرۆزبایی سەرکەوتن لە مەحموود مەشهەدانی کرد و هیوا خوازە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە و کۆتایی بەو بۆشاییە بهێنرێت کە ماوەی ساڵێکە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆک بووە.
هەروەها ئومێدەخوازە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکێکی نوێ بتوانێت ئەو یاسایانە تێپەڕێنێت کە جێگەی چاوەڕوانی خەڵکی عێراق، کە گرنگترینیان دەنگدانە لەسەر هەمواری یاسای لێبوردنی گشتییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە و هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵاڵ زەوبەعی، عامر عەبدولجەبار، کاندید بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
مەحموود مەشهەدانی لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، لە کۆی 271 دەنگ، 182 دەنگی بەدەست هێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
مەحموود مەشهەدانی کێیە؟
مەحموود داوود مەشهەدانی لە دایکبووی 1948 – بەغدا.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە ناوچەی کازمییەی بەغدا تەواو کردووە.
ساڵی 1972 کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.
ساڵی 1981 بەهۆی چالاکی و هەڵوێستی سیاسی زیندانی کراوە.
ساڵی 2000 سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ دەکراوە.
ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی دامەزراندنی ئەنجوومەنی دیالۆگی نیشتمانی.
ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور.
ساڵی 2006 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
ساڵی 2021 بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردراوە.
31/10/2024 بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە.