رووماڵ

هادی عامری سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات

ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم، هەروەها سوپاسی برایانی پێکهاتەی کوردی دەکەم.

هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا،  ڕایگەیاند: سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم، هەروەها سوپاسی برایانی پێکهاتەی کوردی دەکەم.

ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، گوتی: هەندێک لە براکانمان گوتیان نابێت شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بێت.

هاوکات باسی لەوەش کرد، کە شاخەوان عەبدولڵا ڕایگەیاندبوو، کە هەرچییەک بۆ بەرژەوەندی پەرلەمانی عێراق بێت کێشەی نییە و ئەنجامی دەدات.

عامری گوتیشی: جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هانی برا کوردەکانی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانی دا بۆ ئەوەی دەنگ بە مەشهەدانی بدەن.

جەختی لەوەش کردەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق شایستەیی پێکهاتەی سوننەیه‌ و دەبووایە زووتر بەجێ بگەیەنرێت، چونکە خەڵک چاوەڕێی کار لە پەرلەمان دەکات. 

هادی عامری دەشڵێت: هیچ مەرجێک لەسەر مه‌شهه‌دانی قبووڵ ناکەین. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە و هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵاڵ زەوبەعی، عامر عەبدولجەبار، کاندید بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

مەحموود مەشهەدانی لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، لە کۆی 271 دەنگ، 182 دەنگی بەدەست هێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.