هێمن سەید موراد: 36 هەزار پشتیگیریمان داوەتە جووتیاران تاوەکوو بەرهەمەکانیان لە شارەکانی عێراق بەبازار بکەن

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، "تاوەکوو ئێستا 36 هەزار پشتیگیریمان داوەتە جووتیاران بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە شارەکانی عێراق بەبازار بکەن، کە بەهۆیەوە تەنها لەناوخۆی عێراق، 750 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران بەبازاڕ کراوە".

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "پێش کابینەی نۆیەم، گرفتی بەرچاو دەهاتە بەردەم جووتیارەکان، چونکە کە جووتیارەکان بەرهەمەکانیان پیدەگەیشت دەرفەتی بە بازاڕکردنیان نەبوو، بۆیە زۆرجار بەرهەمەکانیان فڕی دەدا، کە گردتیشی بۆ حکومەت دروست دەکرد".

گوتیشی: "کابینەی نۆیەم لەبەر ڕؤشنایی دیدگای سەرۆکی حکوومەت بۆ کەرتی کشتوکاڵ، جگە لەوەی هانی جووتیاران دراوە بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانیان، توانراوە بازاڕیش بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکان بدۆزرێتەوە"، هەروەها وای لە هاووڵاتیان کردووە پشت بەبەرهەمی ناوخۆ ببەستن.

هێمن سەید موراد دەشڵێت: "ئەمە وەی کردووە بەرهەمەکان ساڵ بەساڵ زیاتر بێت و جووتیارانیش زیاتر هان بدرێن، بۆیە ئێستا زۆرێک لەبەرهەمەکان پێدایستی ناوخۆیان پڕکردووەتەوە و بەشێکیش هەناردەی دەرەوەی کوردستان دەکرێت".

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر باسی لەوە کرد، ئێستا لەو بەرهەمانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، دەتوانرێت سەبەتەی خۆراک هەم بۆ ناوخۆ و هەم بۆ شارەکانی عێراق و دەرەوەش دابین بکرێت".

گوتیشی: "لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم توانرا بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی وڵاتان بکرێت، کە هەنگاوی یەکەم وەکو 'تێست' بوو بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنا بن"، بەڵام کە بەرهەمەکان گەیشت، بەهۆی کواڵیتییەکەی وای کرد ململانێ لەگەڵ بەرهەمەکانی وڵاتانی دیکە بکات".

هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند، کاتێک بەرهەمەکان پێدەگات، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ دەکرێت، بەتەواوی ڕێگری لە بەرهەمی هاوردە دەکرێت، بۆ ئەوەی پشتگیری لە بەرهەمی جووتیاران بکرێت، کە ئەمەش وادەکات ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرهەمەکان زیاتر بێت".

سەبارەت بە پشتگیری زیاتری جووتیاران هێمن سەید موراد گوتیشی: "لە چوارچێوەی لێکگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، تاوەکوو ئێستا 36 هەزار پشتیگیریمان داوەتە جووتیاران تاوەکو بەرهەمەکانیان لە شارەکانی عێراق بەبازار بکەن، کە بەهۆیەوە تەنها لەناوخۆی عێراق، 750 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران بەبازاڕ کراوە".