سوودانی و ئەردۆغان جەخت لە کاراکردنی ڕێککەوتنە هاوبەشەکان دەکەنەوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکخستنی هەڵوێستەکانیان بەرانبەر بە ئیسرائیل کۆبوونەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووتەوە، سوودانی و ئەردۆغان لە ئەستەنبۆڵ لە کۆشکی وەحیدەدین کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر دوا پێشهاتەکان و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە کردووە، کە هێرشە ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان فراوان بووە و چەند وڵاتێکی ناوچەکەشی گرتووتەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە، سوودانی باسی لە یەکخستنی هەڵوێستەکانی کردووە لە ئاست پێشهاتە مەترسیدارەکان، کە بووەتە ئاڵنگارییەک و بەرۆکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەر نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتووتەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داواشی کردووە پێویستە کار ئاسانی بکرێت بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە وێرانکراوەکان و خەڵکی لێقەوما، هاوکات پارێزگاریش لە مانەوەی فەڵەستینییەکان لەسەر زێد و خاکی خۆیان بکرێ.

هەر لەو دیدارەدا، سوودانی و ئەردۆغان گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو عێراق و تورکیا کردووە، جەختیان لەسەر کارا کردنی ڕێککەوتنە لێکگەیشتنەکانی نێوانیان کردووتەوە لە بوارە جیا جیاکاندا.