دادگای باڵای فیدراڵی: بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکیان نییە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیار و نووسراو، یەکلایی کردووتەوە کە ئەو بانکانەی لە پرۆژەی هەژماری من بەشدارن، هەمان ئەو بانکانەن لە پرۆسەی تەوتین بەشدارن، هەربۆیە هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکیان نییە.

بە گوێرەی ئەو کۆپییەی لە نووسراوی دادگاکە بە واژووی دادوەر جاسم محەممەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتووە و تێدا ڕوونکراوەتەوە، کە بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بە نووسراوی ژمارە ( 111/ت.ق / 2024/1405 ) لە بەرواری (2024/7/3 ) هەموو ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من، مۆڵەت پێدراوی بانکی ناوەندی عێراقن و سەرجەمیان لەپڕۆسەی (طوطین) بەبانکی کردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشدارن.

هەر لە بڕیارەکەدا هاتووە، هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ئەو بانکانەدا نییە تاوەکوو پرۆسەی (طوطین) بە بانکی کردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ئەنجام بدەن.

‎هەروەها سەرچاوەیەکی تایبەت لە هەژماری من بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 700 هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و پرۆسەی تۆمارکردنەکەش بەردەوامە."

‎ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "300 هەزار کارتی بانکی دراوەتەوە بە فەرمانبەران و مووچەکانیان لە ڕێگەی کارتە بانکیەکانەوە وەردەگرن."

‎ئاماژەی بەوەش کرد "تاوەکوو ئێستا 250 ئەی تی ئێم 'ئامێری ڕاکێشانی پارە' لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دانراون و بڕیارە ژمارەی ئەی تی ئێمەکان بکەنە زیاتر لە 1000 دانە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە ئاسانی مووچەکانیان وەربگرن."