مارتینۆ هەواڵی پەیوەندیکردنی نێیمار بە ئینتەر میامی رەتدەکاتەوە

راهێنەرە ئارجێنتینییەکە پێیوایە لەم کاتە هاتنی نێیمار کارێکی سەختە

تاتا مارتینۆ راهێنەری یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی، ئەم هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلی و ئەستێرەی ئێستای هیلالی سعوودی بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی ئینتەر میامی بکات.

پرسیار لە مارتینۆ کرا نێیمار پارچە زەوییەکی بە 26 ملیۆن یۆرۆ لە شاری میامی ئەمریکا کڕیوە بە مانای نزیکبوونەوە لە پەیوەندیکردن بە ئینتەر میامی.

راهێنەرە ئارجێنتینییەکەش بە پێکەنینەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "هەر کەسێک درێسێک یان زەوییەک بکڕێت، واتە بۆ یاریکردن دێتە ئێرە؟"

مارتینۆ هێما بۆ ئەوەش دەکات ئەم هەواڵانە تەنیا دەنگۆن و دوورن لە راستییەوە، لە هەمان کاتدا داوا لە خولی ئەمریکا دەکات کار ئاسانی بکەن و نەرمی بنوێنن بۆ ئەوەی نێیمار لە داهاتوودا بێتە خولی ئەمریکا و لەگەڵ ئەستێرە گەورەکان یاریی بکات.