هەرێمی کوردستان.. داواكارییهكان بۆ نههێشتن و ڕێگری له ماددهی هۆشبهر زیادی كردووه
ئێستا داواکارییەکان بۆ نەهێشتن و ڕێگریکردن لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان زیادى کردووە، بۆیە چالاکوانانى بوارى مافەکانى مرۆڤ و کۆمەڵگەى مەدەنى داواى توندکردنەوەى یاساکان دەکەن بۆ سزادانى ئەو کەسانەى کە کارگە دروست دەکەن یاخود بازرگانى بە مادەى هۆشبەرەوە دەکەن.
سابیر عەبدوڵڵا، بەرپرسى نووسینگەى مافى مرۆڤ لە سلێمانى، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامارێکی سەرەتاییمان وەرگرتووە هی ساڵی 2024 هی ئەم 10 مانگە، کۆی دەسگیرکراوان 687 کەسە کۆی ژمارەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر ئەوانەی کە دەسگیر کراون وەکو باند و خەڵکی تاکەکەسی 360 کەسن.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی بەکارهێنەر و ئاڵودەبووش 327 کەسن، بەڵام پێم وایە ژمارەکە لەوە زیاترە بەڵام ئەمە وەکو ئامارێکی سەرەتایی و بەرایی بەدەستمان گەشتووە، ژمارە گرنگە، لە ژمارەش گرنگتر ئەوەیە کە چۆن هۆشیاری بڵاو بکەیەنەوە.
لای خۆیەوە هەژار بابان، بەرێوەبەرى ڕێکخراوى ئاران، گوتی: بەداخەوە کە هەموومان ئەوەمان بیست لەناو هەرێمی کوردستاندا کارگە دۆزرایەوە، کارگەی مادەی هۆشبەر، بەڕاستی دروستکردنی کارگەیەکەی لەم جۆرە ئەگەر کەسانێکی ئێمە ناڵێن حزبی و لایەنی سیاسی بەڵام بێگومان کەسانی دەست ڕۆشتوی گەورەی لە پشتەوەیە، ئەمەش مەترسییەکەی زۆر زۆر گەورەیە.
بەکارهينان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر ھێندە زیادی كردووە، وەك زەنگێكی مەترسیدار دەبیندرێت، بەڵام ئەوەی کە مەترسیەکەی لە پارێزگای سلێمانی زیاتر کردووە هەبوونی کارگەیەکی دروستكردن و بەکارهينانی مادەی هۆشبەرە لە دەربەندیخان، بۆیە لە ئێستاوە داوا دەکرێت یەکێک لەکارە سەرەکییەکانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و بازرگانیكردن پێییەوە توندتر بكرێت.