زانکۆی سەڵاحەدین: 7009 قوتابی وەرگیران
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ئاشکرای دەکات، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی زانکۆ لاین، 7009 قوتابی پۆلی 12، لە 16 کۆلێژ و 86 بەشی ئەکادیمی وەرگیراون.
یەکشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2024، سامان عەبدوڵلا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێستا ناوی 7009 قوتابی دەرچووی پۆلی 12 ئامادەیی گەڕاوەتەوە زانکۆی سەڵاحەدین، ئەو ژمارە قوتابییە لە 16 کۆلێژ و 86 بەشی ئەکادیمی وەرگیراون.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەری زۆرە ژمارەی وەرگیراوان لە زانکۆی سەڵاحەدین زیاتر بن بەهۆی دابەزینی زۆرێک لە قوتابیان لە زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ زانکۆی سەڵاحەدین.