وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات
وەزارەتی دارایی عێراق: ئەگەر هیچ تێبییەک نەبێت لە 24 کاتژمێردا پارەی مووچە دەنێردرێت
وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانمان بە دەست گەیشت."
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "ئێستا لە وەزارەتی دارایی وردبینیکردنی لیستەکە دەستی پێ کردووە و ئەگەر هیچ تێبینی و سەرنجێک لە لیستی مووچە نەبێت، ئەوە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا پارەی پێویستی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دەنێردرێت."
دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایگەیاند "لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن نوێنەری وەزارەتەکەیانەوە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کراوە."
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا و پێنجشەممە، 24-10-2024، کۆتایی بە پرۆسەکە هات.
هەر دوێنێ یەکشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2024، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ڕایگەیاند "گرێبەستێکیان لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من ئیمزا کردووە تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە نێوان بانکی عێراقی بۆ بازرگانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شییاع سوودانی دەربارەی گرنگیی بەشداریی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی لە پرسی پرۆژەی هەژماری من و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە
بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی "پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت."
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی "پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات."
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 114 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان زیاترە لە 960 ملیار دینار.