ریزبەندی ماندووترین یانەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق
یانەكانی زاخۆ و نەورۆز بەهۆی ناڕێكی لە خشتەی یارییەكان زۆرترین قوربانیان داوە، هەولێر و دهۆكیش كەمترین هیلاكیان بینیوە
دوای تێپهڕینی شهش گهڕ بهسهر ئهم وهرزهی خولی ئهستێرهكانی عێراق، یانەكانی نەورۆز و زاخۆ لە نێو یانە كوردستانییەكان ماندووترین یانەی خولەكەن، یانەكانی هەولێر و دهۆكیش كەمترین ماندووبوونیان لە خولەكە بینیوە، بەڵام هیچیان هێندەی زاخۆ بەهۆی ناڕێكی لە خشتەی یارییەكان زیانی بەرنەكەوتووە.
یانەی نەورۆز
ئەم نوێنەرە سورپۆشەی سلێمانی ئەم وەرزە لە كۆی 6 یاری، 4 یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی كردووە و زۆرترین مەودای بۆ ڕووبەڕبوونەوەی یانەكانی دەرەوە بڕیوە.
لە ماوەی 15 رۆژی سەرەتای خولی ئەستێرەكانی عێراق، نەورۆز 3 جار بە پاس گەشتی كەربەلا، زاخۆ و بەغدای كردووە، هەفتەی رابردووش دیسان بۆ رووبەڕبوونەوەی زەورا سەردانی بەغدای كردووە، بەمەش تیپەكەی جۆرڤان ڤیێرای بەرازیلی 1636 كیلۆمەتری بۆ یارییەكانی دەرەوەی یاریگەی خۆی بڕیوە، بەمەش ماندووترین یانەیە لە نێو یانە كوردستانییەكان، لە كۆی ئەو 6 یارییەی دەرەوەش 3 یاری دۆڕاندووە و تەنیا یەك خاڵی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە، هەردوو سەركەوتنەكەش لە نێو یاریگەی خۆی بووە.
یانەی زاخۆ
ئەم نوێنەرەی بادینان بەهۆی ناڕێكی خشتەی یارییەكان زۆرترین باجی داوە، بەوپێیەی تەنیا لە ماوەی 7 رۆژ، 3 یاریی لەسەریەك كردووە، هەر لە ماوەی ئەو 7 رۆژە دووجار بۆ رووبەڕبوونەوەی زەورا و قوە جەوییە سەردانی بەغدای كردووە، بە گشتی زاخۆ لە كۆی 6 یاری، 3 یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی كردووە و 1553 كیلۆمەتری تەنیا بۆ سەردانیكردنی بەغدا بڕیوە، بەمەش دووەم ماندووترین یانەی خولەكەیە.
یانەی دهۆك
هەڵۆیەكانی بادینان ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق كەمترین رێگەیان بۆ یارییەكانی دەرەوە بڕیوە، لە كۆی 6 یاری تەنیا 2 یارییان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان كردووە، جارێك سەردانی نەجەفیان كردووە، جارێكیش گەشتی زاخۆی دراوسێیان كردووە و بە هەردوو یارییەكەش تەنیا 679 كیلۆمەتریان بڕیوە، بەڵام ئەوەی وایكردووە زیان بە ئەنجامەكانی ئەو یانەیە بگەیەنێت بەشداریكردنیانە لە یەككات لە دوو پاڵەوانێتی، بەڕوونی هەست بەوە دەكرێت راهێنەر و یاریزانانی یانەی دهۆك لە كاتی یارییەكانی خولی ئەستێرەكان عێراق چاوێكیشیان لەسەر جامی كەنداوە، ئەمەش لە كاتێكدایە تیپەكەی مەسعوود میرال لە یەكەمین یارییان لە جامی یانەكانی كەنداو سەركەوتنیان بەدەستهێنا و بڕیاریشە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی زەفاری عومانی ببنەوە.
یانەی هەولێر
ئەم یانەیە كە بە ئیمپڕاتۆر ناسراوە بە بەراوردی 3 یانە كوردستانییەكەی دیكە ئەنجامەكانی باشترە، ئەمەش بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەمترین ماندووبوونیان لەم وەرزە بینیوە، بەوپێیەی زەردپۆشەكانی قەڵاومنا لە كۆی 6 یاری تەنیا 2 یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی كردووە، جارێك بۆ رووبەڕبوونەوەی یانەی قاسم سەردانی شارۆچكەی بابلی كردووە، جارێكیش لە نێوجەرگەی بادینان رووبەڕووی یانەی دهۆك بوونەتەوە، ئەمەش وایكردووە هەولێر لەم وەرزە ئەنجامەكانی باشتر بێت و لە كۆی 6 یاری، 3 یاری بردووەتەوە و 2 بەرامبەربوون و دۆڕانێكیشی هەیە.