نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان دابەزی
نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و زێڕنگرانی بازاڕەکەش دەڵێن: هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کاریگەریی بەرچاوی لە دابەزینی نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهاندا هەبوو ، دەشڵێن: کڕین و فرۆشتنی زێڕ وەک پێشتر باش نییە.
یونس سەید ئەحمەد، یەک لە زێڕنگرانی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: نزیکەی بەر لە هەفتەیەک هەر گرامێکی زێڕی عەیار 22 مان بە 121 هەزار دینار دەفرۆشت، ئێستا بووەتە 119 هەزار دینار، لە زێڕی عەیار 21ـیش، نزیکەی 5 هەزار دینار بۆ هەر گرامێک نرخەکەی دابەزیوە، بەمەش هەر مسقالێک زێڕ نزیکەی 25 هەزار دینار نرخەکەی دابەزیووە، دەشڵێت: هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ کرد.
یونس سەید ئەحمەد گوتیشی: ڕەنگە کاتژمێر 9ـی ئەمشەو، بانکی فیدراڵی ئەمەریکا 25 خاڵ بەهای سوود دادەبەزێنێت، ئەوەش کاریگەریی دەکاتە سەر نرخی زێڕ، ئەگەریی هەیە ئەوە نرخی زێڕ جارێکی دیکە بەرز بکاتەوە.
دەشڵێت: بانکی بەریتانیاش بڕیاریدا نرخی سوود بۆ چارەگە خاڵ دابەزێنێت، بۆیە ئەگەری هەیە هێواش هێواش نرخی زێڕ بگاتەوە ئاستی جارانی خۆی.
گوتیشی: خەڵکێک ترسی هەیە لەوەی نرخی زێڕ زیاتر دابەزێت، بۆیە دێن زێڕەکانیان لە بازاڕەکان دەفرۆشنەوە، کاتێک گرانیش دەبێت ناێین بیکڕن، ئەوەش پێچەوانەی دۆخی ئابوورییە، پێویستە ئەو کاتەی زێڕ هەرزان دەبێت، هاووڵاتییان زێڕی خۆیان نەفرۆشن.
ئەو زێڕینگرە وەک چاودێری دۆخەکە گوتی: ئاڵۆزی و شەڕەکانی ناوچەکە و ئۆکرانیا و ڕووسیا، هێشتا کۆتاییان پێ نەهاتووە، بۆیە بازاڕەکان ئارام نابن لەڕووی نرخەوە.
ئەو لێدوانانەی زێڕنگرەکەی دهۆک لە کاتێکدایە کە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان بەو شێوەیەیە.
زێڕی عەیار 18
493,000 دینار
زێڕی عەیار 21
575,000 دینار
زێڕی عەیار 22
603,000 دینار
زێڕی عەیار 24
657,000 دینار