کارەبای گەڕەکێکی دیکەی هەولێر دەکرێتە 24 کاتژمێری
دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و هەنگاوە تەکنیکییەکان، بڕیارە بەم نزیکانە کارەبای گەڕەکی سەربەستی هەولێر کە بە 32 پارک ناسراوە بکرێتە 24 کاتژمێری.
بەمەش گەڕەکی سەربەستی، دەبێتە چوارەم گەڕەکی شاری هەولێر لە کارەبای 24 کاتژمێر سوودمەند دەبن، پێشتر هەر یەک لە گەڕەکەکانی، شادی و نازناز کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری.
گەڕەکی شادی کە نزیکەی 26 هەزار هاووڵاتیی تێیدا نیشتەجێیە و پێنج هەزار و 700 یەکەی نیشتەجێ بوونی تێدایە، لەگەڵ دوو هەزار و 200 شوێنی بازرگانی ئێستا کارەبایان 24 کاتژمێرییە.
هەروەها گەڕەکی نازنا: نزیکەی هەشت هەزار هاووڵاتیی تێیدا نیشتەجێیە و هەزار و 700 خانووی لێیە، هەروەها 400 فرۆشتگا و شوێنی بازرگانی لێیە، کارەباکەی 24 کاتژمێرییە.
لە گەڕەکی بەختیاری بەم زووانەی کارەباکەی دەبێتە 24 کاتژمێری، کە نزیکەی 19 هەزار هاووڵاتیی تێیدا نیشتەجێیە و، چوار هەزار و 100 خانووی لێیە، هەروەها 800 فرۆشگا و شوێنی بازرگانی تێدایە.
بە بڕیارێکی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، کارەبای ھەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری و یەکەم جاریش ئەم بڕیارە لە گەڕەکی شادی له شاری ھەولێر جێبەجێکرا دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.