بەكر فەرەج: بۆ بەشداریی لە كاری نوێی هونەری مەرجی هەیە
هونەرمەند بەكر فەرەج، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە كوردستان24 ڕاگەیاند "كاری هونەری زۆرن، بەڵام دەمەوێت بەشداریی كارێكی هونەری وا بكەم كارەكانی ڕابردووم بەزیندویی بهڵێتەوە."
كوردستان24: كاری نوێت چییە؟
بەكر فەرەج: ئێستە سەرقاڵی دیاركردنی شوێنی وێنەگرتنی دوو كلیپی هونەرمەند ئاگرین دڵشادین، هەروەها بۆ زۆرێك لە كۆمپانیا هونەری و دراما و فیلمە سینەماییەكان كار دەكەم، وەك بەڕێوەبەری هەڵبژاردنی وێنەگرتن.
كوردستان24: یەكەم كاری هونەریت کەی بوو؟
بەكر فەرەج: لە سەرەتای ساڵی 1983 بەكاری هونەری شانۆ دەستم پێ كرد، هەروەها بەشداریی درامای ژاڵەم كردووە لە سیناریۆی جەلیل زەنگەنە و دەرهێنانی "ناسر حەسەن"، لە زنجیرە درامای پاداشت دا بەشداریم كردووە لە سیناریۆی مامۆستا "شێرزاد حەسەن" و دەرهێنانی "عادل عەبدوڵا". لەدوای ڕاپەڕینەوە بومەتە وێنەگر ماوەی دوانزە ساڵ بەردەوام بووم؛ كاری وێنەگرتم بۆ چەندان كلیپی گۆرانی و بەرنامەی هونەری و وێنەگرتنی چەند درامایەك كردووە لە درامای (خەمی چۆلەكەكان) لەسیناریۆی دەرهێنانی هونەرمەندی كۆچ كردو حسێن میسری وەك بەڕێوەبەری كامێرا و نواندنیش بەشدار بووم. پاشان لە دوو وەرزی درامای گەردەلول، وەك بەڕێوەبەری بەرهەم و ئەكتەر بەشدار بووم لەگەڵ چەندین كاری فیلم و كورتە فیلم و كلیپ كە بەشداربووم بەوێنەگرتن و ڕۆڵ بینین."
كوردستان24: ئەو خزمەتە زۆرەی كردووتە چی بەتۆ بەخشیووە؟
بەكر فەرەج: خۆشەویستیی خەڵك و نیشتمانپەروەری و سوپاسگوزاری پێ بەخشیوم بۆ ئەو ڕێزە زۆرەی هاووڵاتیان كوردستان هەیانە بۆ هونەرمەندان ."
كوردستان24: مەرجە هونەرمەند چۆن بێت؟
بەكر فەرەج: پێویستە هونەرمەند پێش حزب، ڕۆڵەی نەتەوە و جەماوەرەكەی بێت. هونەرمەندی ڕاستگۆ تەنها موڵكی میللەتە و ئەركی خزمەتكردنی كۆمەڵگەیە بەسەرجەم چین و توێژەكانیەوە."
كوردستان24: كچەكەت نەبووە شانۆكار و بۆتە ڕاگەیاندكار، بۆچی؟
بەكر فەرەج: كچەكەم، شانۆی تاقانەم، بۆیە حەزم كردووە تەنها ئەوم هەبێت تا بتوانم بە جوانترین شێوە پەروەردەی بكەم و ببێتە تاكێك بۆ هەمیشە خزمەت بە گەل و نەتەوەو نیشتمانەكەی بكات لەڕێگەی هونەرەوە."
كوردستان24: ئەو مەرجانە چین تا لەكارێكی نوێی نواندندا بەشدار بیت؟
بەكر فەرەج: ئێستە كاری هونەری نواندن زۆرن، بەڵام هێشتا هیچ كارێكی هونەریم بەدەستەوە نییە، ئەمەوێت لە كارێكی نواندندا كار بكەم كە ڕابردووم بەبەرزیی بمێنێتەوە و لەبەر چاوی خەڵك و بینەردا، لەكارەكانی دیكەشدا تا توانام هەبێت ناوەستم و بەردەوام دەبم."