سەرۆکی فەرەنسا داوای بەستنی کۆنفرانسی بەغدا بۆ ئاسایش دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەسەر گرنگی دەستپێکردنەوەی کۆنفرانسی بەغدا بۆ ئاسایشی هەرێم کردووەتەوە و پشتیوانی فەڕەنسای بۆ ڕۆڵی بەغدا لە ناوچەکەدا دووپات کردووەتەوە. 

بڕیار بوو سێیەمین کۆنفرانسی به غدا له کۆتایی ساڵی 2023 به ڕێوه بچێت و لە هەمان کاتتدا سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراق بکات، بەڵام سەردانەکەی دواخرا.

پشتیوانی فەرەنسا بۆ بەستنی کۆنفرانسی بەغدا چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانەش، ترسی فەرەنسا لە گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێران و تێوەگلانی عێراقە لەو ململانێیە، هەر لەبەر ئەوە کۆنفرانسی به غدا گرنگه بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی عێراق له پاڵپشتیکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنفراسی بەغدا پەیوەندی بە دیپلۆماسیەتی عێراقەوە هەیە بۆ وەستاندنی گرژییەکان لەناوچەکەدا، بۆیە بەستنی لەم کاتەدا پاڵپشتییەکی سیاسی گرنگە بۆ سەرکەوتنی ئەم دیپلۆماسییەتە .

هۆکارێکی دیکەشی، پەیوەندی بە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا هەیە، پێدەچێت فەڕەنسا گرنگیی بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بدات کەکاریگەریی لەسەر ناوچەکە هەیە، بۆیە بەستنی کۆنفرانسی بەغدا، بە واتای گێڕانەوەی عێراق دێت وەک وڵاتێکی سەرەکی لە ئاشتی و نەهێشتنی گرژی و کێشەکان لەناوچەکەدا.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە گەورەترین لایەنی سیاسی حکوومەتی عێراقە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوی فەڕەنسا بۆ دووبارە بەستنەوەی کۆنفرانسی بەغدا هەنگاوێکە بۆ دووبارە خستنەوەی عێراق بۆ نێو بازنەی هەوڵەکانی ناوچەکە بۆ ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا، هەروەها بۆ ڕێگرتن لە گرژی و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت کە، فەڕەنسا هەوڵ دەدات ئەم کۆنفرانسە بۆ پشتیوانیکردن یان دەستپێشخەری بۆ ئاگربەست لە لوبنان و کەرتی غەززە لە بەغدا ببەسترێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگییەکی دیکەی کۆنفرانسەکەی بەغدا، ئەو دابەشبوونەیە کە لەنێوان هێزە سیاسییە شیعەکانی عێراقدا هەیە لەسەر ئەوەی، ئایا عێراق دەبێت بەشداریی لە دابەشبوونە بکات یان ڕەتی بکاتەوە، هەڵوێستی فەرەنساش ئەوەیە پشتیوانی ئەو هێلە میانڕەوەی ناو هێزە سیاسییە شیعیەکان بکات بۆ هێمنی و پشتیوانی دیپلۆماسی لەناوچەکەدا.

لە هەمان کاتتدا، بەیاننامەی لایەنە عێراقییەکان جەختیان لەسەر دوو خاڵی سەرەکی کردووەتەوە کە ئەوانیش، ڕەتکردنەوەی ئەو زانیاریانەیە باس لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن لە خاکی عێراقەوە.

هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە، هەر لایەنێک لە بەرەی موقاوەمە لە خاکی خۆیەوە وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە، بە واتایەکی دیکە، هیچ سیناریۆیەک نییە لەبارەی ئەوەی لایەنێک لە خاکی لایەنێکی دیکەوە وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە.