تا ئێستە وردبینی لە لیستی مووچە تەواو نەبووە

 

یەکشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2024، بەپێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەو لیستەی لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقی نێردراوە، ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە لیستێک بۆ وەزارەتیی دارایی عێراق نێردرا، لەلایەن تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و چاودێری دارایی عێراق پێداچوونەوەی بۆ کرابوو، هەنێک کێشە لە لیستەکەدا هەبوو، بۆیە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم گەڕێنرایەوە.

دەشڵێت: "ماوەی دوو ڕۆژە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستێکی نوێی بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق ناردووە، لە چاودێری دارایی عێراق دەبێت وردبینی تێدا بکرێت، دوای تەواو بوونی ئەو ورد بینییە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت و دەنێرێت بۆ بەشی بودجە و دواتر وەزیری دارایی و دواتریش بۆ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت".

باسی لەوەشکرد، "ئەم ڕێکارییانە هەموو مانگێک لەنێو وەزارەتی دارایی عێراق دووبارە دەبێتەوە، هەندێکجار ئەم ڕێکارییانە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە کە مانگانە دەکرێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، کە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی ڕاگەیاندووە، "ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستپێکی دەوامە دەبوو وردبینی بۆ لیستەکە بکرێت، بەڵام تا ئێستە وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق کۆتایی نەهاتووە. تا وردبینیش تەواو نەبێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێم نانێردرێت".