لە زاخۆ ئەو زەوییانەی دابەشکراون تاپۆ دەکرێن
لە زاخۆ وەکو یەکەم ناوچەی هەرێمی کوردستان، زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا و ئێستا قۆناغی ڕایی کردنی مامەڵەکان بۆ تۆماری خانووبەرە دەستی پیکردووە بۆ ئەوەی سەنەدەکان وەربگرن.
یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، لە 16ـی مانگی تشرینی یەکەم نزیکەی 5 هەزار فەرمانبەر ژمارەی پارچە زەوییەکانیان بەسەر دابەشکرا، ئێستا بەشێکی دیکەی کارەکان دەستی پێکردووە کە وەرگرتنی ناسنامە و ڕایی کردنی مامەڵەی خاوەنی ئەو زەویانەیە بۆ ئەوەی مامەڵەکان ڕەوانەی تۆماری خانووبەرە بکرێن.
نەوزاد حاجی، بەرپرسی دابەشکردنی زەوی لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەو ڕەزامەندییەی لە دەستی ئێمەدایە بەو پارچە زەویانەی لەبەردەستماندایە کە 4 هەزار و 747 پارچە زەویین، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی زۆر شەفاف و سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو.
بەرپرسی دابەشکردنی زەوی لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ گوتیشی: ئەو قۆناغەی ئێستا دەستمان پێکردووە، بەڵگەنامە و ناسنامەی ئەوانە وەردەگرین کە پارچە زەوییان بەسەر دابەشکراوە بۆ ئەوەی مامەڵەی ئەوان ڕێک بخەین و ڕەوانەی تۆماری خانووبەرەی بکەین بۆ ئەوەی سەنەدی خۆیان وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە، دوای تەواوبوونی دەوامیش کار لەسەر مامەڵەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڕەوانەی تۆماری خانووبەرەی بکەن، دەشڵێت: هەوڵدەدەین لە چەند ڕۆژێکی کەم، ئەو کاروبارانە تەواو بکەین و ڕەوانەی تۆماری خانووبەرەی بکەین.
وەک بەرپرسی دابەشکردنی زەوی لە سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ ڕایگەیاند: هەزار و 842 فەرمانبەر کە دەکاتە ڕێژەی سەدا 20 لەو ناوانەی تۆمارکراون بە پڕکردنەوەی فۆرم بۆ پێدانی پارچە زەوی کە ناوەکانیان نێردراوە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ و ئەمڕۆ زەوییان پێدرا، فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی شارەوانی و ئاو و کارەبا و گەشتوگوزارن، لەگەڵ فەرمانبەرانی دارایی و گومرگ وژمارەیەک لە پێشمەرگە، ئەوانەی دیکەش کە سەدا 80ـی فەرمانبەرانن، کاروبارەکانیان تەواو دەکرێن چونکە ئامادەکاریان بۆ کراوە و پارچە زەوییەکانیان بۆ دیاریکراوە، تەنها ڕەزامەندی دەربڕین ماوە بۆ دابەشکردنی.