کوردستان24 زانیاری نوێ لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم ئاشکرا دەکات

یەکێ لە کێڵگە نەوتییەکان. وێنە: ئەرشیف
یەکێ لە کێڵگە نەوتییەکان. وێنە: ئەرشیف

ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە و دەڵێت: چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان، هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارەی 45ـی خۆی، دەنگی دا لەسەر ماددەی 12 لە یاسای بودجە لە بڕگەی دووەم خاڵی (ج) تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە شێوەیەکی سەرەتایی 16 دۆلاری دیاری کردووە بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک لە هەرێمی کوردستان، لە دوای هەمواری یاسای بودجە لە ماوەی 60 ڕۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆر هەڵدەستێت بە خەمڵاندنی تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە تێچووی کۆتایی بەرهەمهێنانی نەوت دیاری دەکرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، سەرباری ئەوەی هەمواری یاساکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام پێویستە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق و لەوێدا دەنگی لەسەر بدرێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێت ئینجا پەسەند بکرێت.

هاوکات نەرمین مەعرووف، گوتیشی: وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق درێژ کراوەتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی وەرزی یاسادانان هەموارەکە پەسەند بکرێت.

سێشه‌ممه‌، 5ـی تشرینی دووه‌می 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆ بووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد و یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان تایبه‌ت بوو به‌ په‌سندكردنی پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه‌ ژمارە (13ـی ساڵی 2023).

پێشنیازه‌ په‌سندكراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه‌ ژمارە (13ـی ساڵی 2023) ئه‌م خاڵانه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌:

1- وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ قه‌ره‌بووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە سیادییه‌كان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نه‌وت ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت کە لە لایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ـوه یان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵییه‌وه‌ به‌ پێی بڕگه‌كانی‌ (أ) و (ب)ـی مادده‌ی (12/ب2) وەردەگیرێت، بە مەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ هەر کێڵگەیەک لە لایەن دەزگه‌یەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م ئه‌ركه‌ ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن، بە جیا حیسابی بۆ بکرێت و لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، هاوكات له‌ ئه‌گه‌ری ڕێكنه‌كه‌وتن له‌ ماوه‌ی ئه‌و شه‌ست ڕۆژه‌دا، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ ئه‌و لایه‌ن یاخود ده‌زگه‌ ڕاوێژكارییه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات.

2- ئه‌و ده‌زگه‌ ڕاوێژكارییه‌ی له‌ خاڵی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نه‌وت پێشکەش بە هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی نەوت و دارایی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکات و بۆ مەبەستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ پشتی پێ ده‌به‌سترێت، هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و تێچووه‌ خه‌مڵێندراوه‌ ده‌بێت كه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ند به‌رمیل ڕاده‌ستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵیی ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌ پێی هه‌ر دوو بڕگه‌ی (أ) و (ب)ـی مادده‌ی (12/ب2) و وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌داته‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

3-به‌ پێی هه‌ر دوو بڕگه‌ی (أ) و (ب)ـی مادده‌كه‌، ڕاسته‌وخۆ نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌ستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵیی ده‌كرێت و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو (پێشه‌كی – سولفه‌) به‌ بڕی 16 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵه‌وه‌ به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت. هه‌روه‌ها دوای تەواوبوونی ڕاوێژکاری تەکنیکی پسپۆڕ کە لە خاڵی یه‌كه‌مدا باس كراوه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.