فوئاد حوسێن: مەترسییەکانی فراوانبوونی شەڕ گەورەیە

فوئاد حوسێن
فوئاد حوسێن

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن ڕایگەیاند: مەترسییەکانی فراوانبوونی شەڕ، هێشتا لە ناوچەکە بەردەوامە، ئەوەش  بەهۆی بەردەوامی شەڕ لە کەرتی غەززە و لوبنان، دەشڵێت: ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەکە فراوان بێ بۆ ناوچەکانی دیکەش، ئەوەش دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و جیهان.

لە پەراوێزی لوتکەی عەرەبی ئیسلامی لە ریازی سعودیە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: ئەو لوتکەیە لە کاتێکی هەستیار و پڕ مەترسی کە ناوچەکە پێی تێپەڕ دەبێت، دەبەسترێت، دەشڵێت: ئێران بەڵێنیداوە کە خاکی عێراق بەکارنەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە، هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی عێراق لەهەر لایەکەوە بێت،بە جدی وەردەگرن، تیشکی خستە سەر گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران،

فوئاد حوسێن ڕایگەیاند: عێراق کەوتووەتە نێو جوگرافیای شەڕ، گوتی: بەردەوامی هێرشەکان و هێرشکردنی پێچەوانەش بۆ سەر ئێران بەو مانایە دێت کە، ئەگەری ئەوە هەیە عێراق خاک و ئاسمانی عێراق بکەوێتە نێو چوارچێوەی شەڕەکە، بۆیە هەموو پرسێک بەهەند وەردەگرین.

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە دیدار و کۆبوونەکانیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەردەوامە، گوتی: ئێرانییەکان بەڕوونی ئاماژەیان بەوە کردووە کە هیچ هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل لە خاکی عێراقەوە ئەنجام نادەن.