بارسێلۆنا واز لە گۆڵە رەتکراوەکەی لیڤایندۆڤسکی ناهێنێت
بارسێلۆنا بۆ گۆڵە رەتکراوەکەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هەنگاوی فەرمی دەنێت
بارسێلۆنا بە نیازە هەنگاوێکی نوێ و فەرمی لەبارەی رەتکردنەوەی گۆڵەکەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بەرامبەر ڕیاڵ سۆسیداد بنێت و نایەوێت بە ئاسانی ئەو رووداوە تێپەڕێت.
بارسێلۆنا لە لالیگا بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد تووشی دووەم دۆڕانی ئەم وەرزە هات و لە یارییەکە لیڤاندۆڤسکی گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام بە بیانووی ئۆفساید رەتکرایەوە و حاڵەتەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بارسێلۆنا بە نیازە داوایەك ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بکات، لەبارەی رەتکردنەوەی گۆڵەکەی لیڤاندۆڤسکی و دەیەوێت روونکردنەوەی پێ بدرێت، کە بۆچی ئەو گۆڵە کراوە بە ئۆفاسید؟
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بارسێلۆنا تانە لە بڕیارەکە نادات و ناڕەزایی دەرنابڕێت بەڵکو تەنیا روونکردنەوەی دەوێت لەبارەی ئەو پێوەرانەی وەك یاسا بۆ تۆپی پێی دانراون بە تایبەتی لە کێشانی هێڵی ئۆفساید.
لە هەواڵەکەی موندۆدیپۆرتیڤۆ ئەوەش هاتووە، بارسێلۆنا تەنیا ئەو وەڵامەی دەوێت، کە تەکنیکی دیاریکردنی ئۆفساید لە ژووری ڤار تۆماتیکییە و چۆن ئەو گۆڵە بەو شێوازە کراوە بە ئۆفساید؟، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە دژی ئاستی ناوبژیوان لە یارییەکە هیچ لێدوانێکی نییە.
یانەی بارسێلۆنا ئەم وەرزە بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ لە 13 یاریی پێشەنگی لالیگای گرتووە و بە جیاوازی شەش خاڵ لە پێش ریاڵ مەدریدی دووەمە هەرچەندە مێرێنگێ یارییەکی کەمتر ئەنجامداوە.