ئەندامێکی لیژنەی دارایی: ئینفاقی فیعلی دەبێتەوە گرفت لە بەردەم ناردنی مووچە

نەرمین مەعرووف: پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ لە فشارەکان بۆ ناردنی مووچە بەردەوام دەبین

نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ لە فشارەکانمان بۆ سەر وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبین لە پێناو ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم؛ گوتیشی: لەم خولەی پەرلەمان تەنیا ئەو ماددەیەی لە پرۆژە بودجەی 2025،  پەیوەستە بە دەرهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بڕیارە دەخرێتە دەنگدان.

لە بارەی ناردنی مووچەی مانگی 10ی هەرێمی کوردستان، نەرمین مەعرووف گوتی: جارێکی دیکەی بنەمای ئینفاقی فیعلی بووەتە گرفت لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، چونکە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە بودجەی تەواو خەرج بکات، بەڵکو بە گوێرەی بڕی خەرجکراوی بودجە، جارێکی دیکە پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 12.67 خەرج دەکاتەوە، کە لە نێویدا مووچە هەیە، ئەمەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵە و ئێمەش ناڕەزاییمان لەسەری هەیە.

هەروەها ئاماژەیدا، هەرێمی کوردستان لە بودجەدا پشکی خۆی تایبەت کراوە، بەڵام کێشەکە لە ئینفاقی فیعلییە، هەروەها ئەو پارەیەشی لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا زیاترە لەوەی پێشتر خەملاندنی بۆ کراوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە مووچەی خانەنشینان و مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژکراوە، تێبینی دیکە لەسەر لیستی مووچە دروستبووە، ئەگەرنا ئەو پارەیەی خەرجکراوە کەمترە لەوەی وەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، هەروەها گرفت لەوەدایە ئەو بەشە پارەیەی بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران دانراوە کورتهێنانی هەیە و بەش ناکات.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ئێمە پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ بەردەوام دەبین لە فشارەکانمان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕانەگیرێت و بەردەوام بێت.

سەبارەت بە درێژکردنەوەی مانگێک لە تەمەنی پەرلەمانی عێراق و تێپەڕاندنی پرۆژە بودجەی گشتیی ساڵی 2025، نەرمین مەعرووف گوتی: ئەم درێژکردنەوەی بۆ پرۆژەی بودەجەی گشتیی نییە، بەڵکو ئەم بابەتە دەکەوێتە نوێ و خولی داهاتووی پەرلەمان، بەڵام هەمواری بڕگەی دووەمی ماددەی 12، کە تایبەتە بە دەرهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە پرۆژەی بودجەی چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

هەروەها ئاماژەیدا، کە حکوومەتی عێراق بەهای دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 16 دۆلار پەسەند کردووە، بەڵام پرۆژە یاساکە هێشتا ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و لەلایەن لیژنە پەیوەنددارەکان ڕاپۆرتی لەسەر ئامادە بکرێت.