لە کەرکووک ژمارەیەک سەگ منداڵێکی پێنج ساڵان دەکوژن
لە مەرجان ستیی شاری کەرکووک، ژمارەیەک سەگی بێ لانە پەلاماری منداڵێکی پێنج ساڵان دەدەن و دەیکوژن.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2024، لە مەرجان ستی کە یەکێکە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە شاری کەرکووک، ژمارەیەکی سەگی بێ لانە پەلاماری منداڵیکی پێنج ساڵان بە ناوی سیراج وەحید غازی دەدەن، هاوکات منداڵەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەست دەدات.
بەپێی گوتەی چەند شایتەحاڵێک، منداڵەکە لەپێش دەرگەی ماڵی خۆیان بووە کاتێک سەگەکان پەلاماریان داوە و بەشێک لە جەستەیان خواردووە و، لە چەند لایەکەوە برینداریان کردووە. هەروەها بەهۆی سەختی برینەکەشییەوە گیانی لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە بەشی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: بەهۆی پەلاماری سەگەوە تەرمی منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان هێنراوەتە پزیشکی داد لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک.
دیاردەی بوونی سەگی بێلانە لە کەرکووک ساڵانێکی زۆرە هەیە و گرفتی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە و بەو هۆیەشەوە دەیان کەس تا ئێستا بەهۆی گەستنی سەگەوە بریندار بوونە، دواترینییان ماوەیەک بەر لە ئێستابوو کە سەگێک پەلاماری زیاتر لە 10 هاووڵاتی دا و برینداری کردن.
قایمقامییەتی کەرکووک زیاتر لە ساڵێکە دروستکردنی شێڵتەرێکی بۆ کۆکردنەوە و بەخێوکردنی سەگی بێلانە ڕاگەیاندووە، بەڵام بە گوتەی هاووڵاتییان سەرکەوتوو نەبووە.