بکوژی هاوسەر و دوو منداڵەکەی ناوچەی دۆرەی بەغدا لە سلێمانی دەستگیر کرا

شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی، بکوژی هاوسەر و دوو منداڵەکەی ناوچەی دۆرەی بەغدای لە سلێمانی دەستگیر کرد.

ڕۆژی 31ـی 12ـی 2023، لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغدا تۆمەتبار (مەڕوان تاڵب حەسن) بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هاوسەرەکەی بەناوی (بان عەبدوڵڵا حەسن) و دوو منداڵی هاوسەرەکەی بەناوەکانی (ئیمان) و (یونس) بە چەکی جۆری دەمانچە دەکوژێت.

دەزگەی ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، تۆمەتبار دوای ڕووداوەکە لە بەغدا چەند ناسنامەیەکی ساختە دروست دەکات و خۆی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەشارێتەوە و دواتر بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵدێت، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەسەر ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە توانیان شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبار دەستنیشان بکەن.

دەزگەکە ئاماژەی بەوە دا، تۆمەتبارەکە بە چەند ناسنامەیەکی ساختەوە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری سلێمانی خۆی حەشاردابوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش لە 10ـی 11ـی 2024 دەستگیر کرا و ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.