سوپاسالاری پێشمەرگە قەڵغانی رێزلێنانی بەخشییە پێشمەرگەیەکی کەمئەندامی سەنگەر

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەر (سەلمان فەرمان) کرد و لە پای قارەمانێتی و لەدەستدانی بەشێکی زۆری جەستەی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، قەڵخانی رێزلێنانی پێبەخشی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە پێشمەرگەی قارەمان و کەمئەندامی سەنگەر، سەلمان فەرمان کرد.

سەرۆکی ئەرکان وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی قووڵ بۆ خۆڕاگری، قوربانیدان و هەستی بەرزی نیشتمانپەروەریی ناوبراو، خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی پێشمەرگەی پێبەخشی، لە پای ئەوەی لەپێناو بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و ئازادیی گەلەکەیدا بەشێکی زۆری جەستەی بەخشیوە.

سەرۆکی ئەرکان لە دیدارەکەدا جەختی لەوە کردەوە، قوربانیدانی پێشمەرگە بریندارەکان و خۆڕاگریی بێوێنەیان هەمیشە جێگەی شانازی و بایەخی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەیە.

پێشمەرگە سەلمان فەرمان، یەکێکە لە قارەمانەکانی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش؛ لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی نیشتمانیی بەرگریکردن و پووچەڵکردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنییەکانی تیرۆریستاندا بە سەختی بریندار بوو، بەو هۆیەوە هەردوو دەست و هەردوو قاچی لەگەڵ چاوێکیدا لەدەست داوە.