فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات

بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهان تا دێت بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت و خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرز دەبێتەوە، هاوکات ژمارەی پێوانەیی نوێی فرۆشتن تۆمار دەکات، لەو نێوەندەدا چین پێشەنگی بازاڕەکانی جیهانی گرتووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی مانگانەی دامەزراوەی ڕۆ مۆشن، فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە مانگی ئۆکتۆبەر، ژمارەیەکی پێوانەیی بەخۆیەوە بینیووە و 1.7 ملیۆن ئۆتۆمبێل فرۆشی هەبووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە 35% بەرز بووەتەوە.
چارڵز لێستەر، بەڕێوەبەری بەشی داتا لە دامەزراوەی ڕۆ مۆشن، ڕایدەگەیەنێت: بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی جارێکی دیکە بووژاوەتەوە، بۆ دووەمین مانگە لە دوای یەک ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات، زۆربەی گەشەی فرۆشتن لە چین بووە و، بەرهەمهێنەرانی ڕۆژئاواش نیگەرانن.
ئامارەکان ئاشکرای دەکەن، فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە چین لە مانگی ڕابردوودا 1.2 ملیۆن ئۆتۆمبێل بووە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە 50% بەرز بووەتەوە، بە تەنیا کۆمپانیای بی وای دیی چینی زیاتر لە 500 هەزار ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە.
هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەرووپا و کۆمەڵەی بازرگانی ئازادی ئەورووپا، زیاتر لە 260 هەزار فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایان تۆمار کردووە و بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە 1% بەرز بووەتەوە.
لە کاتێکدا فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەڵمانیا لە مانگی ئۆکتۆبەر بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 3% بەرز بووەتەوە، بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵ بە گشتی بە 18% دابەزیوە، هاوکات کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ئەرووپا ڕایگەیاندووە، سێ کارگەی بەرهەمهێنان لە ئەڵمانیا دادەخات، بەڵام کۆمپانیاکانی چین بەردەوامن لە باڵادەستیان لە بازاڕەکانی ئەورووپا.
سەبارەت بە فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ماوەی 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە 24% بەرز بووەتەوە و 13.3 ملیۆن ئۆتۆمبێل لەو ماوەیەدا فرۆشراوە.
چین پێشەنگی وڵاتانی جیهانی بە گەشەی 38% و 8.4 ئۆتۆمبێل گرتووە، دوای ئەویش هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەورواپا دێن بە فرۆشی 2.5 ملیۆن ئۆتۆمبێل، بەڵام بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە 3% دابەزیوە، لە کاتێکدا ئەمەریکا و کەنەدا فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە 9% بۆ 1.4 ملیۆن ئۆتۆمبێل گەشەکردنی بەخۆیەوە بینیووە، هاوکات ڕێژەی گەشەی فرۆشتن لە وڵاتانی دیکە جیهان 27% بووە و 1 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراوە.