ڕێککەوتنی بانکی ناوەندیی عێراق و تورکیا گۆڕانکاری لە بازرگانیی هەردوو وڵات دەکات

پارێزگارانی بانکی ناوەندیی عێراق و تورکیا کۆ بوونەوە و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە بانکییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە لە پێناو کارئاسانی بۆ بازرگانان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ فاتیح کارهان، پارێزگاری بانکی ناوەندیی تورکیا کۆ بووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دەستپێکردنی میکانیزمی ڕاستەوخۆی نوێ بۆ گواستنەوەی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا کرد، کە ئەمەش دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە پتەوکردنی پەیوەندییە بانکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هاوکات پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، داوای لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی تورکیا کرد کە لە بانکە تورکییەکان هەژمار بۆ بانکە عێراقییەکان بکاتەوە بۆ فراوانکردنی ڕێگەکانی گواستنەوەی پارە لەکاتی هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە تورکیا.
لای خۆیەوە بانکی ناوەندیی تورکیا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەربڕی لە ڕێکخستنی کارە داراییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەک ببێتە کارئاسانی بۆ مامەڵە بازرگانییەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، عەلی عەلاق لەگەڵ ئیدارە گشتییەکانی لقی ئەو بانکە تورکییانە کۆ بووەتەوە کە لە عێراق لقیان هەیە و کار دەکەن، جەختیان لەسەر پێویستی فراوانکردنی بژاردە بازرگانییە بەرهەمدارەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە بە تایبەتی لە کەرتی بانکیدا.
چاوەڕوان دەکرێت هەموو ئەم هەنگاوانە لە ماوەیەکى کەمدا جێبەجێ بکرێت کە بە ئەگەرێکی زۆر کاریگەری دەبێت لەسەر دۆلار و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەکەی بەرانبەر بە دیناری عێراقی.
ڕێککەوتنی هەردوو بانکەکە، کێشەى بازرگانانى عێراق چارە دەکات و بەوەی چیتر پێویست ناکات پارە حەواڵە بکەن یاخود داواى دۆلارى کاش بکەن.