ئەپیکور پێشوازیی لە پێشنیازی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات

لۆگۆی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
لۆگۆی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، پێشوازیی لە پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لەبارەی پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەدا، کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازیی لەو پێشنیازە دەکەین.

ئەپیکور لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئەو پێشنیازە دەرفەتە بۆ فەراهامکردنی داواکارییەکانمان، هەروەها دەرفەتە بۆ زامنکردنی پێدانی پارەی هەناردەکانی نەوت لە ڕابردوو و داهاتوو، لە ڕێگەی بۆری عێراق – تورکیا.

هاوکات ئەپیکور ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامادەن بۆ گفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ڕوونکردنەوەی وردەکارییە سەرەکییەکان و کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنە نووسراوەکان پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوڕاین کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت سوودی بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.

سێشه‌ممه‌، 5ـی تشرینی دووه‌می 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆ بووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد و یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان تایبه‌ت بوو به‌ په‌سندكردنی پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوەی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه‌ ژمارە (13ـی ساڵی 2023).

پێشنیازه‌ په‌سندكراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماددەی (12/ب2/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵه‌ ژمارە (13ـی ساڵی 2023) ئه‌م خاڵانه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌:

1- وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ قه‌ره‌بووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە سیادییه‌كان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نه‌وت ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت کە لە لایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ـوه یان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵییه‌وه‌ به‌ پێی بڕگه‌كانی‌ (أ) و (ب)ـی مادده‌ی (12/ب2) وەردەگیرێت، بە مەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ هەر کێڵگەیەک لە لایەن دەزگه‌یەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م ئه‌ركه‌ ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن، بە جیا حیسابی بۆ بکرێت و لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، هاوكات له‌ ئه‌گه‌ری ڕێكنه‌كه‌وتن له‌ ماوه‌ی ئه‌و شه‌ست ڕۆژه‌دا، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ ئه‌و لایه‌ن یاخود ده‌زگه‌ ڕاوێژكارییه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات.

2- ئه‌و ده‌زگه‌ ڕاوێژكارییه‌ی له‌ خاڵی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نه‌وت پێشکەش بە هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی نەوت و دارایی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکات و بۆ مەبەستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ پشتی پێ ده‌به‌سترێت، هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و تێچووه‌ خه‌مڵێندراوه‌ ده‌بێت كه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ند به‌رمیل ڕاده‌ستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵیی ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌ پێی هه‌ر دوو بڕگه‌ی (أ) و (ب)ـی مادده‌ی (12/ب2) و وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌داته‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

3-به‌ پێی هه‌ر دوو بڕگه‌ی (أ) و (ب)ـی مادده‌كه‌، ڕاسته‌وخۆ نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌ستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵیی ده‌كرێت و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو (پێشه‌كی – سولفه‌) به‌ بڕی 16 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵه‌وه‌ به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت. هه‌روه‌ها دوای تەواوبوونی ڕاوێژکاری تەکنیکی پسپۆڕ کە لە خاڵی یه‌كه‌مدا باس كراوه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.