ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی خاو ئاشکرا کرد
لەگەڵ بەردەوامی نا سەقامگیری بازاڕەکانی وزە بە تایبەت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پێشبینییەکانیان سەبارەت بە گەشەی خواست لەسەر نەوتی خاو ئاشكرا دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینیەکانی بۆ خواست لەسەر نەوتی خاو بڵاو کردەوە و گەشەی خواستی ساڵانەی لە 2024 بەرز کردەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە ڕاپۆرتی مانگانەیدا، گەشەی خواستی لەسەر نەوتی خاو لە ساڵی 2024 لە 862 هەزار بەرمیل بۆ 921 هەزار بەرمیل بەرز کردەوە، ڕاشیدەگەیەنێت؛ خواستی جیهان لە کۆتایی ئەم ساڵ دەگاتە 102.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام پێچەوانەی ساڵی 2024 ئاژانسەکە پێشبینیەکانی بۆ گەشەی خواست لە ساڵی 2025 لە 998 هەزار بەرمیل بۆ 990 هەزار بەرمیل کەم کردووەتەوە. هاوکات ئاشکرای دەکات، تێکڕای خواست لە ساڵی داهاتوو دەگاتە 103.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو بۆ سستبوونی گەشەی خواستی جیهان بە تایبەت چین دەگەڕێنێتەوە، بە گوێرەی ئامارەکان لە مانگی ئەیلوولدا، خواستی چین بۆ نەوتی خاو بۆ شەشەمین مانگی لە دوای یەک دابەزیوە و تێکڕای خواست لە چارەگی سێیەمی ئەمساڵ 270 هەزار بەرمیل کەمتر بووە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.
سەبارەت بە خستنەڕووی نەوتی خاو، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی ئۆکتۆبەر خستنەڕووی نەوتی جیهان بە 290 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 102.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەو نێوەندە بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک بە 210 هەزار بەرمیل بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 26.97 ملیۆن بەرمیل.
پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو خستنەڕووی نەوتی جیهان بگاتە 104.96 ملیۆن بەرمیل و سەرڕێژی لە بازاڕی نەوتدا دروست بێت.
پێشىینیەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی ئۆپێک دێت، وێڕای کەمکردنەوەی گەشەی خواست لەسەر نەوتی خاو بۆ چوارەمین مانگ لە دوای یەک، ئۆپێک پێشبینی دەکات خواست لەسەر نەوتی خاو ئەمساڵ بە 1.82 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بێتەوە و لە ساڵی 2025یشدا بە 1.54 ملیۆن بەرمیل بەرزب وونەوە بەخۆیەوە ببینێت.