بەهای بیتکۆین دابەزی

دوای ئەوەی لە ماوەی نزیکەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا بەهای بیتکۆین بەرزبوونەوەیەکی خێرای تۆمارکرد، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2024، بتکۆین، بەشێکی گەورەی بەهاکەی لەدەستدا، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو دراوە دیجیتاڵییە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهای بیتکۆین بۆ نزیکەی 87 هەزار دۆلار دابەزی، ئەوەش نزیکەی شەش هەزار دۆلار کەمترە لەو ئاستەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێی گەیشت کە بەرزترین ئاست بوو لە مێژووی ئەو دراوەدا.
دابەزینی بەهای بیتکۆین دوو هۆکاری سەرەکیی هەبوو، یەکەمیان ئەوەیە کە لە دوێنێوە وردە وردە خواست لەسەر دراوەکە دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە زۆرێک لە مامەڵەکاران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بیتکۆینیان کڕیوە و ئێستە کە دەزانن بەهاکەی ڕووی لە دابەزین کردووەتەوە دەیفرۆشنەوە. ئاوا خستنەڕوو زیاد دەبێت و خواست کەمدەبێتەوە و نرخەکەی دادەبەزێت.
هۆکاری دووەم ئەوەیە کە بازاڕە داراییەکان لە چاوەڕوانی روونبوونەوەی ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی ئابووریی ترەمپن، بەشێوەیەک کە هێشتا دیارنییە کە ئایا بەڵێنەکانی بانگەشەی لەبارەی دراوە دیجیتاڵییەکان بەجێ دەگەیەنێت یاخود نەخێر. 
جیا لەم دوو هۆکارەش وتارێکی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵیی ئەمەریکا هەبوو کە باسی لەوە کرد پەلە ناکەن لە دابەزاندنی ڕێژەی سووی بانکی لە کە ئەمە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ دۆلاری ئەمەریکی و دژی بیتکۆین و زێڕیشە.