وەزارەتی کارەبا گرێبه‌ستی بۆ دامەزراندنی سێ وێستگەی وزەی خۆر مۆر كرد

به‌ڕێوه‌به‌ری بەشی وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: وەزارەتەکە سێ گرێبەستی مۆر کردووە بۆ مەبەستی دامەزراندنی سێ وێستگەی وزەی خۆر، کە کۆی قەبارەی بەرهەمهێنانیان 350 مێگاواتە.

ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2024، دكتۆر ڕەوا محەممەد ئەمین، به‌ڕێوه‌به‌ری بەشی وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەت هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی کار بە وزەی نوێبووەوە بکات، لە پلانی دایە بۆ 10 ساڵی داهاتوو قەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر بۆ سێ هەزار مێگاوات زیاد بکات.

به‌ڕێوه‌به‌ری بەشی وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، سێ گرێبەستیان مۆر کردووە بۆ مەبەستی دامەزراندنی سێ وێستگەی وزەی خۆر، کە کۆی قەبارەی بەرهەمهێنانیان 350 مێگاواتە.

پێشریش مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە ڕایگەیاندبوو: چەندین کۆمپانیای جیهانیی ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بێن لەو بوارە یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەن.