پێرێز داوای ڕوونكردنەوە لە ئانچیلۆتی و پینتۆس دەكات

تەنیا لە ماوەی 3 مانگی ڕابردوو 22 پێكان لەنێو یاریزانانی ڕیال مەدرید ڕووی داوە كە قورسترینیان پێكانەكەی ئیدیر میلیتاوە

كارلۆ ئانچیلۆتی، فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئانتۆنیۆ پینتۆس
كارلۆ ئانچیلۆتی، فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئانتۆنیۆ پینتۆس

دەستەی كارگێریی یانەی ڕیال مەدرید بەكۆی دەنگ داوای ڕوونكردنەوە لە ئەنتۆنیۆ پینتۆس دەكرێت بەهۆی زۆری پێكانی یاریزانانی یانەكە، بەتایبەتی پێكانەكە قورسەكەی ئیدیر میلیتاو لە ماوەی ساڵێك دووجار تووشی پێكان دەبێت، بەمەش پینتۆس بە هۆكاری ئەم پێكانانە دەزانرێت.
لە نێو ڕیال مەدرید مشتومڕێكی توند لەبارەی پێكانە زۆرەكانی تیپەكەی كاڕڵۆ ئانچیلۆتی دەكرێت كە تێیدا لە ماوەی 3 مانگ، 22 پێكان لەنێو یاریزانانی ڕیال مەدرید ڕووی داوە كە قورسترینیان پێكانەكەی ئیدیر میلیتاوە.
پێگەی كۆپی ئیسپانیا لە ڕاپۆرتێكدا نووسیویەتی: دوو پێكانە قورسەكەی میلیتاو لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك وایكردووە پێگەی ئانتۆنیۆ پینتوس وەكو ڕاهێنەری توانای جەستەیی بكەوێتە ژێر پرسیار، بۆیە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ڕیال مەدرید داوای ڕوونكردنەوەیەكی زانستی لەبارەی پێكانەكەی میلیتاو لە ئانتۆنیۆ پینتۆس دەكرێت.
ئانتۆنیۆ پینتۆسی ڕاهێنه‌ری توانای جه‌سته‌یی ڕیال مه‌درید له‌ ڕابردوو به‌ هۆی سه‌ره‌كی ئاستبه‌رزی یاریزانانی ڕیال مه‌درید داده‌نرا، به‌ڵام له‌م وه‌رزه‌ جیاوازه‌ و به‌هۆی زۆریی پێكانه‌كانی یانه‌كه‌، پینتۆس ڕووبەڕووی گلەیی و ڕەخنەیەكی زۆر بووەتەوە كە تێیدا تەنیا لە سەرەتای ئەم وەرزەوە یاریزانانی ڕیال مەدرید 25 جار تووشی پێكان بوونە.

پینتۆسی ئیتاڵی و ڕاهێنه‌ری توانای جه‌سته‌یی ڕیال مه‌درید بۆ شه‌ش وه‌رز له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ڕاهێنه‌ر زینه‌دین زیدان و كارلۆ ئانچیلۆتی له‌ یانه‌كه‌ بووه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین خاڵه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ڕیال مه‌درید له‌ پاڵه‌وانییه‌تییه‌كان داده‌نرێت، به‌تایبه‌تی به‌هۆی شێوازی ئاماده‌كردنی یاریزانه‌كان كه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ له‌ به‌شی كۆتایی یارییه‌كان ئه‌وپه‌ڕی هێزی خۆیان ده‌ربخه‌ن و هه‌میشه‌ خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بووه‌.
به‌پێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی ماركا پینتۆس شێوازی ڕاهێنانه‌كانی دوو وه‌رزه‌ زۆر سه‌ختر كردووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ چه‌ند یاریزانێك له‌ نموونه‌ی بێلینگهام و ڤینیسیۆس و ڤالڤێردی له‌ماڵه‌كانیان ڕاهێنه‌ری تایبه‌تیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی ئاماده‌ی یارییه‌كان ببن.
به‌پێی هه‌مان ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی ماركا پینتۆس هۆكارێكه‌ بۆ زۆری پێكانه‌كانی یاریزانانی ریال مه‌درید كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك یاریزانه‌كان ماندوو ده‌كات كه‌ به‌ بچووكترین پێكان كاتێكی زۆریان بۆ چاكبوونه‌وه‌ هه‌بێت. لە لایەكی دیكەیشەوە سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە فلۆرێنتینۆ پێرێز داوای روونكردنەوەی لە ئانچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵی یانەكەش كردووە.
پینتۆس له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید له‌ شه‌ش وه‌رز توانیویه‌تی پێنج ناسناوی چامپیۆنزلیگ له‌گه‌ڵ شاهانه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام زۆری پێكانه‌كان كاره‌كه‌ی خستووه‌ته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌ و گومان لە دوورخستنەوەی دەكرێت.