چیرۆكی جیۆڤانی لە هاوشێوەی مێسییەوە بۆ وەربەرهێنان لە كێڵگەی نەوت

جیۆڤانی دۆس سانتۆس لەنێو چوارگۆشەی سەوزی تۆپی پێی سەركەوتنی گەورەی بەدەست نەهێنا، بەڵام لە بواری بازرگانی گەیشتووەتە لوتكە

جیۆڤانی دۆس سانتۆس یاریزانی مەكسیكی پێشووی یانەی بارسێلۆنا
جیۆڤانی دۆس سانتۆس یاریزانی مەكسیكی پێشووی یانەی بارسێلۆنا

لە ساڵی 2021 جیۆڤانی دۆس سانتۆسی مەکسیکی وازهێنانی لە یاریكردن راگەیاند، ئەگەرچی لە دەستپێكی كاروانی وەرزشی دا هەمووان پێیانوا بوو ئەستێرەیەكی دیكەی هاوشێوەی مێسی لە دایكبوو، بەڵام نەیتوانی جێگەی ئومێدی هاندەرانی بێت و هەرزوو ئەستێرەی تەمەنی كوژایەوە، بەڵام لەبواری بازرگانیدا بەهرەكانی تەقییەوە.
دۆس سانتۆس لە تەمەنی تەنها 13 ساڵیدا بە دیاریكراوی لە سەرەتای 2002 پەیوەندی بە ئەکادیمیای "لا ماسیا"ـیی تایبەت بە بارسێلۆنا كرد كە ئەوكات یانە كەتەلۆنیاییەكە پێیانوا بوو بارسا گەوهەرێكی دیكەی هاوشێوەی مێسی دۆزیوەتەوە.
جیۆڤانی دۆس سانتۆس ئێستا تەمەنی 35 ساڵە و لەنێو چوارگۆشەی سەوزی تۆپی پێی سەركەوتنی گەورەی بەدەست نەهێنا، بەڵام لە بواری بازرگانی سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و بەتایبەتی لەڕووی بەرهەمهێنانی كێڵگەی نەوت و ماددە كیمیاییەكان.

ڕۆژنامەی (claro sports)ـی مەكسیكی لە راپۆرتێكدا باسی ژیان و گوزەرانی ئێستای دۆس سانتۆس كردووە و نووسیویەتی: جیۆڤانی ئێستا هاوبەشی کۆمپانیای "پرۆکورا مەکسیکی"ـیە كە بە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی کیمیایی ئەو وڵاتە دادەنرێت، بەوپێیەی ساڵانە لە نێوان 400 بۆ 500 هەزار دۆلار قازانج بەدەستدەهێنێت"، جگە لەوەش ئەم یاریزانەی پێشووی بارسێلۆنا پێشتر کۆمپانیایەکی بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێڵی لوکس لە مەکسیک بردووە.

دۆس سانتۆس کە خاوەنی ڕەگەزنامەی مەکسیکی و بەڕازیلی و ئیسپانیایە، 106 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی كردووە و لە ئۆڵمپیكی 2012 میدالیای زێڕی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵمپی مەكسیك بەدەستهێناوە.

لەسەر ئاستی یانەکان، جیۆڤانی لەگەڵ تیپی یەكەمی بارسێلۆنا دەركەوت كە ئەوكات لە تەمەنی 17 ساڵی بوو، لە یەكەمین یاریش بە درێسی بارسێلۆنا لە ساڵی 2006 بوو کاتێک لە یارییەکی دۆستانەدا جیۆڤانی بەرامبەر ئارهوسی دانیمارکی گۆڵێکی تۆمار کرد. بەڵام دوای تەنیا دوای یەک وەرز لەگەڵ بارسێلۆنا، یانە كەتەلۆنیاییەكە لە بەرژەوەندی یانەی تۆتێنهام دەستبەرداری بوو كە ئەوكات هەمووان بە یاریزانێكی هاوشێوەی مێسی ناویان دەبرد، دواتریش بە خواستن روویكردە یانەی ئیپسویچ تاونی ئینگلیزی و گاڵاتاسەرای تورکی و رایسینگی ئیسپانی.
لە ساڵی 2012 پەیوەندی بە یانەی مایۆرکای ئیسپانی و پاشان ڤیاریالی هەمان وڵات کرد، دواتر لە 2015 بە یەكجاری ماڵئاوایی لە خولەكانی ئەوروپا كرد و بەرەو ئەمریکا رۆیشت و درێسی یانەی لۆس ئەنجلۆس گالاکسی ئەو وڵاتەی پۆشی، دواتر لە 2021 لەگەڵ یانەی ئەمریكا كڵەبی مەكسیكی كۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی هێنا و پیشەكەی لە تۆپی پێ بۆ بازرگانی گۆڕی.