داوا لە بژمێرەکان دەکرێت پڕکردنەوەی فۆڕمی خێزانەکان لەو دوو ڕۆژەدا تەواو بکرێت

ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری گشتیی دانشتووانی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "دەبێت لە ماوەی 18 و 19 -11-2024، هەموو فۆرمی خێزانەکان پڕ بکرێتەوە و بۆ ڕۆژی 20 و 21 ئامادە بێت."
دووشەممە، 18-11-2024، ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری گشتیی دانشتووانی هەرێم پەیامێکی بۆ بەڕێوەبەری گەڕەک و گوندەکان و یاریدەرەکان و بژمێرەکان کە ئێستا لە کاردان ناردووە و دەڵێت: "لە هەمو شوێنێکی ئەم هەرێمە ئەو ئەرکەی پێتان سپێراوە لە پڕکردنەوەی فورمی خێزانەکان دەبێت لەم دوو ڕۆژەدا 18 و 19ـی 11 جێبەجێ بکرێت و ئامادە بێت بۆ ڕۆژی سەرژمێری لە 20 و 21ـی 11."
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "ئەمە هیممەتی زیاتری ئەوێت و هەر دەبێت ئەو کارە تەواو کرێت."
هەر ئەمڕۆ ، دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی جێبەجێکاری ماددەی 140 لە بەغدا، لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند "ئەم سەرژمێرییە چارەنووساز و گرنگ و هەستیارە، پێویستە هەموومان لە کوردستان ناوی خۆمان تۆمار بکەین، چونکە ئەوە وەکو تۆمارێک و بەڵگەیەکی مێژوویی دەمێنێتەوە، هەروەها لەداهاتوودا هەموو کارە فەرمییەکانمان لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێری و بەڵگەنامانە دەبێت."