بایرن میونشن دەیەوێت جەمال موسیالا بکاتە خاوەن بەرزترین مووچەی ساڵانە

جەمال موسیالا و لۆگۆی بایرن میونشن
جەمال موسیالا و لۆگۆی بایرن میونشن

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی هەوڵ دەدات بە زووترین کات گرێبەستی جەمال موسیالای ئەستێرەی یانەکەی نوێبکاتەوە و ئۆفەرێکی گەورەی خستووەتە بەردەم یاریزانەکە.

گرێبەستی جەمال موسیالا لەگەڵ یانەی بایرن میونشن تاوەکو ساڵی 2026ـە و یانە ئەڵمانییەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2029 نوێبکاتەوە.

بە پێی هەواڵێکی تۆڕی سکای ئەڵمانی یانە باڤارییەکە ئۆفەرێکی خستووەتە بەردەم موسیالا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و ئەگەر یاریزانەکە رازی بێت، دەبێتە خاوەنی بەرزترین مووچەی یاریزانێکی ئەڵمانی لە هەموو ئەوروپا.

سکای ئەڵمانی بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کردووە، کە بایرن وەك مووچەی ساڵانە بۆ یاریزانەکەی ئامادەکردووە و بریتییە لە 25 ملیۆن یۆرۆ.

تۆڕەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەگەر جەمال بەو نوێکردنەوەیە بۆ ماوەی چوار ساڵ رازی بێت، یاریزانەکە لەو ماوەیە بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ لە یانەکە وەردەگرێت.

جەمال موسیالا تەمەنی 21 ساڵە، 177 یاریی بۆ بایرن میونشن کردووە و خاوەنی 52 گۆڵ و 35 ئاسیستە، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 130 ملیۆن یۆرۆیە.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment