شرۆڤەکارێکی سیاسی: زیادكردنی ژمارهی كورسییهكانی پهرلهمانی عێراق بارگرانی ئابووری لێ دهكهوێتهوه
لە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی ئاماری دانیشتووان لە عێراق و، زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووانی عێراق، بەپێی دەستوور دەبێت ڕێژەی کورسییەکانی پەرلەمانیش زیاد بکرێت، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی پەرلەمانتارانیش، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، شرۆڤەکارێکی سیاسی لەو بڕوایە دایە کە ڕەنگە ژمارە ی پەرلەمانتاران بگاتە 450 پەرلەمانتار، ئەمەش بەسەر دۆخی ئابووری عێراقەوە، بارگرانی دروست دەکات.
ئاماری نوێی دانشتووان گۆڕانکاری بەسەر کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقیش دەهێنێت کە ئێستا 329 کورسییە، چونکە بە پێی دەستوور بۆ هەر 100 هەزار دەنگدەرێک کورسییەکی پەرلەمانی دیاری کراوە، ڕێژەی دانیشتووانیش زیادی کردووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمان یاسایی هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێژەی کورسییەکانیش زیاد بکات،
مەهدی عەتابی، شارەزایی یاسایی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرژمێری ئامانجی خۆی پێکا، دەرکەوت ڕێژەی دانیشتووانی عێراق زیادی کردووە، کەواتە دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی هاوسەنگی ڕابگیرێت، جا بەو هیوایەین لە کاتی دانانی یاساکاندا هاوسەنگییەکی دادپەروەرانە هەبێت.
پشێوی و ئاڵۆزی و سەپاندنی ڕێژەی زۆرینە و کەمینە یەکێک بوو لە گرفتە هەرە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق لە کاتی پەسەندکردنی یاساکان، ڕەنگە ئەمجارە بە زیادکردنی ژمارەی پەرلەمانتاران بۆ نزیکەی 450 پەرلەمانتار، فراکسێۆنەکانیش زیاد ببن و بە ئاسانی ڕێژەی 50+1 بۆ ئەو پرۆژە یاساییانە دروست نەبێت کە ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی لەسەرە.
لای خۆیەوە، عەباس جبووری سەرۆکی دەزگای ڕافیدەین بۆ لێکۆڵینەوە، بە کوردستان24ـی گوت: پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت هەموار بکرێتەوە، میکانیزمەکانیش دیاری بکرێت، کە ئایا بۆ هەر 200 هەزار دەنگدەرێک یان 150 هەزار دەنگدەر یەک کورسی دەستنیشان دەکرێت یان نا، چونکە بەم شێوەیە نەبێت پەرلەمانی عێراق دەبێتە 450 کورسی پەرلەمانی، ئەمەش بارگرانی بۆ دۆخی ئابووری دروست دەکات، ئەوە کاتە دەبێت پاسەوان و ماڵ و مووچە بۆ ئەو 450 پەرلەمانتارەش دابین بکرێت، جگە لەوەی لە سەر هیچ شتێکیش ڕێکناکەون و تەنیا فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان زیاتر دەکەن.