جووتیارێکی کورد: سوپای عێراق لە سنووری سەرگەڕان شەڕ بە کورد دەفرۆشێت

دوێنی یەکشەممە، دوو جووتیاری کورد لە پەڵکانە و شەناغە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیر کران، بەڵام لە شەودا بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە، 25-11-2024، چوونەتە بەردەم دادگای دوبز بۆ لێکۆڵینەوە.

ئەو جووتیارە کوردەی دوێنێ دەستگیرکرابوو بەناوی 'دەشتی' بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هیچ هۆکارێک نەبووە بۆ دەستگیرکردنم، تەنیا سوپای عێراق شەڕ بەخەڵکی ئەو ناوچەیە دەفرۆشێت"، گوتیشی: "لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ڕۆژانە دێن و ڕێگری دەکەن لە زەوی کێلان و ئاودان".

ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆر جار کە ئەفسەرێک دەگوازرێتەوە بۆ ئێرە لەلایەن بەدووەکانەوە هاندەدرێن بێنە سەر جووتیارانی کورد و شەڕیان پێ بفرۆشن، بۆیە ئەوەی دوێنێش یەکێک بوو لەوانە کە هات و ئیستفزازی دەکرد، ئێمەش قسەمان کرد و دواتر ئێمەی بردە بنکەی پۆلیس".

ڕاشیگەیاند، "داوا لە پارێزگاری کەرکووک دەکەم ئەو کێشانە چارە بکات، چونکە کێشەکان لە کەرکووکە، لەبەر ئەوەی ناکرێت زەوی بۆ عەرەبی هاوردە دەستنیشان بکرێت".

 دەشتی دەشڵێت "داوای پڕکردنەوەی بەڵێنامەیان لێکردم بۆ ئەوەی ئازادم بکەن، بەڵام من پێداگریم کرد و گوتم بەهیچ شێوەیەک بەڵێنامە پڕ ناکەمەوە، لەبەر ئەوەی من خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەم".

 

 

Fly Erbil Advertisment