دوایین زانیاری لەبارەی دەستەی كارگێری داهاتووی یانەی هەولێر

چوار ئەندامی پێشووی یانەی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بەنیازن خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان بەربژێر بكەنەوە

موئەیەد مەغدید سەرۆكی دەستەی كاتی یانەی هەولێر لەگەڵ بەشێك لە سەرۆك و ئەندامانی پێشوو
موئەیەد مەغدید سەرۆكی دەستەی كاتی یانەی هەولێر لەگەڵ بەشێك لە سەرۆك و ئەندامانی پێشوو

بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر دراوە و پێشبینی دەكرێت 4 ئەندامی پێشووی كارگێری یانەكە جارێكی دیكە خۆیان بەربژێر بكەنەوە، هاوكات رێگە بە ئەندامانی ئێستای دەستەی كاتی یانەی هەولێریش دەدرێت لە هەڵبژاردنەكان خۆیان بەربژێر بكەن. 
دوای ئەوەی دەستەی كارگێری پێشووی یانەی هەولێر ماوەی یاسایی خۆیان تەواو نەكرد و دوای تەنیا 2 ساڵ و 10 مانگ دەستەكە هەڵوەشێندرایەوە و دەستەیەكی كاتی لە رۆژی 15/5/2024 بە سەرۆكایەتی موئەیەد مەغدید دەست بەكاربوو.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، تەمەنی ئێستای دەستەی كـاتـی یانەی هەولێر 8 مانگ تێپەڕ ناكات و ناچاركراون دەبێت تا رۆژی 15/1/2025 هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت، هەرچەند هۆشداری دراوە كە هەڵبژاردن لەو ساتەدا رەنگە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بكات، بەڵام بەهۆی ئەو سكاڵایەی لە لێژنەی ئۆڵمپی عێراق لەسەر یانەی هەولێر تۆمار كراوە دەبێت هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی كارگێری یانەی هەولێر بكرێت و لەم پێناوەیشدا حیزب و حكوومەتیش رازیكراوە كە هەڵبژاردن بكرێت.

 دەستەی كـاتـی یانەی هەولێر هاوشێوەی دەستەی كارگێری یانەكانی زاخۆ و نەورۆز، ئەگەر هیچ سكاڵایەكی لەسەر نەبووایە دەكرا بەردەوامبان، تەنانەت یانەی میناش لە لایەن دەستەیەکی كاتی بەڕێوە دەبرێت، بەڵام دۆخەكە لەسەر دەستەی كاتی ئێستای یانەی هەولێر بەهۆی ئەو سكاڵایە ئاڵۆزە و مەترسی ئەوە دەكرێت ئەگەر هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری نەكرێت رەنگە لە لایەن لێژنەی ئۆڵمپی عێراق كێشەی یاساییان بۆ دروست بكرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی كوردستان24 هەوڵەكان بۆ ئەوە بوون كە پێش ساڵی نوێ هەڵبژاردن بۆ دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بكرێت، بەڵام رێككەوتنی كۆتایی كراوە ئەگەر هیچ پێشهاتێك روونەدات دەبێت تا 15/1/2024 هەڵبژاردن بۆ دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بكرێت و سەرۆك و ئەندامانی ئێستای دەستەی كارگێری یانەی هەولێریش ئاگاداركراونەتەوە كە دەتوانن لە هەڵبژاردنەكان خۆیان بەربژێر بكەن، تەنانەت داوا لە موئەیەد مەغدید كراوە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات و وەكو سەرۆكی یانەی هەولێر دەست بەكار بێت.

بەشێك لەوانەی ناڕەزاییان لە دانانی ئەو دەستەی كاتییەی یانەی هەولێر هەبووە هەوڵیان داوە هەڵبژاردنی داهاتووی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر لەژێر سێبەر و سەرپەرشتی لێژنەی ئۆڵمپی عێراق بكرێت، بەڵام ئەم هەوڵەیان شكستی هێناوە و هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری هەولێر بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كاتی ئێستای یانەی هەولێر بەنیازن خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان بەربژێر بكەن و بەشێكیش تا ئێستا خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە.

بۆ بیرهێنانەوە، لە رۆژی 7/11/2021 لە هۆڵی رۆشنبیری زانكۆی سەڵاحەدین هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی كارگێری یانەی هەولێر كرا و 306 ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، تەنیا 263 كەس ئامادەی دەنگدانەكە بوون، 9 كەس وەكو دەستەی كارگێری و 3 كەسیش وەكو ئەندامی یەدەگی دەستە هەڵبژێردران، عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی پێشووتری یانەی هەولێر زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەكانی 2021 بەدەستهێنا، بەڵام دواجار بڕیاری كشانەوەی دا و دەرفەتی بە ئەندامە نوێیەكان دا یانەی هەولێر بەڕێوەببەن، بەڵام دەستە نوێیەكە پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی خۆیان دەستیانلەكاركێشایەوە.