ریال مەدرید بووەتە گەورەترین مەترسی بۆ لیڤەرپوول
یانەكانی ریال مەدرید و لیڤەرپوول بۆ ئەم یارییە بە دەرزەن یاریزانیان لەدەست داوە
ریاڵ مەدرید هەرچەندە ئەم وەرزە بە تایبەت لە چامپیۆنزلیگ ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، بەڵام هەر کاتێک رووبەڕووی لیڤەرپوول دەبێتەوە، بووەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئەو یانەیە، بەهۆی ئەوەی لە مێژوودا زۆرترین بردنەوەی بەرامبەر رێدز بەدەستهێناوە. لە دوایین هەشت رووبەڕووبونەوەی نێوانیان، ریاڵ مەدرید لە شەش یاری بردنەوەی بەدەستهێناوە.
ئانچیلۆتی: لە نیگەرانییەكانی هاندەران تێدەگەم
كاڕلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی پێش یارییەكەیان بەرامبەر لیڤەرپوول رایگەیاند رەنگە هاندەرانیان نیگەران بن لەوەی كە رووبەڕووی لیڤەرپوول دەبنەوە كە لە لوتكەیە، دەشڵێت: بەئاوڕدانەوە لە مێژوو ریال مەدرید زیاتر لەم یارییە چانسی بردنەوەی هەیە.
ئانچیلۆتی گوتیشی: لەم ساڵانەی دوایی ریاڵ مەدرید چ لە یاریگای خۆی و چ لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بووەتە دێوەزمە گەورەکەی لیڤەرپوول، بەهۆی ئەوەی لەوەتەی ساڵی 2009 کە دەکاتە نزیکەی 15 ساڵ لیڤەرپوول نەیتوانیوە لە ریاڵ مەدرید بباتەوە.
ریال مەدرید 6 یاریزانی لەدەست داوە
ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی یەکەمی یانەی ریاڵ مەدرید، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو راگەیێندرا کە تووشی پێکان بووە و بەشداری ئەو یارییە ناکات، بێجگە لەو یاریزانە چەند یاریزانێکی دیکەی یانە شاهانەکە بۆ ئەم یارییە بەردەست نابن، لەوانەش میلیتاو، ئالابا، کارڤاخال، رۆدریگۆ و چوامێنی.
لیڤەرپوول بە كۆمەڵ یاریزانی لەدەست داوە
لەلایەکی دیکەوە لیڤەرپوولیش بۆ ئەم یارییە کۆمەڵێک لە یاریزانەکانی، بەهۆی پێکان بەشداری ئەو یارییە ناکەن، ئەوانیش بریتین ئالیسۆن بێکەری گۆڵپارێز، ئارنۆلد و کۆستاس لە هێڵی بەرگری و هەروەها فێدێریکۆ كێیزا و دیێگۆ ژۆتا لە هێڵی پێشەوە.
ئەم وەرزە لە کۆی 36 یانە بەشداربووەکەی چامپیۆنزلیگ، لیڤەرپوول تاکە یانەیە لە هەموو یارییەکانی براوە بوو بێت، ئەو یانەیە لە کۆی هەر چوار یارییەکەی براوە بووە و بە کۆکردنەوەی دوازدە خاڵ، پێشەنگی پاڵەوانێتیەکەی گرتووە.