بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرهەنگسەرای کوردانی خۆراسان کرایەوە

لە باکووری خۆراسان و لە گوندی ئوغاز، لە نێوان هەردوو شاری کوردنشینی شێروان و قووچان لە ئێران، بە هاوکاری و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرهەنگسەرایەکی تایبەت بە مێژوو و کوڵتووری کوردانی خۆراسان کرایەوە.

گوندی ئوغاز، زێدی کەلیموڵلا تەوەحودی، نووسەر و توێژەر و میوزیکژەنی ناسراوی دەڤەری خۆراسانە و ئەم فەرهەنگسەرایەش هەر بە هەوڵی ئەو دامەزراوە.

فەرهەنگسەراکە، بەشێکی تایبەتە بە کتێبخانەی کوردی و بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە کوردستان بە گشتی و کوردانی خۆراسان بە تایبەتی؛ بەشێکیشی تایبەتە بە کوڵتوور و کەلەپووری کوردانی خۆراسان، کە ئامێرەکانی کشتوکاڵ، میوزیک، جلوبەرگ، ڕەشماڵ، داب و نەریت و ڕێورەسمەکانیان و هەر کەلوپەلێکی پەیوەندار بە ژیانی کوردانی کرمانجی خۆراسانەوە هەبێت، تیایدا هەڵگیراوە.

کەلیموڵلا تەوەحودی، نووسەر و توێژەری کوردی خۆراسان

کەلیموڵلا تەوەحودی، نووسەر و توێژەری کوردی خۆراسان بۆ کوردستان24 گوتی:"دوای ئەوەی لە ئاداری 2019 سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانم کرد، ئەو کاتە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز بارزانیم بە دەست هێنا و نزیکەی %80ی ئەم باڵەخانەی فەرهەنگسەرایەی دروست کراوە بە پشتیوانیی دارایی بەڕێزیان بووە، هەربۆیە سوپاسگوزارم و خۆم بە قەرزاریان دەزانم".

بە گوتەی تەوەحودی 53 ساڵ لەمەوبەر بیرۆکەی دامەزراندنی موزەخانە و کتێبخانەیەکی تایبەت بە کوڵتوور و پاراستنی کەلوپەلە فۆلکلۆرییەکانی کوردانی خۆراسان هەبووە کە سەرئەنجام بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی خەونەکەی بەدی بێنێت و بینای فەرهەنگسەراکە لە زێدەکەی خۆی دروست بکات.

کتێبخانەی فەرهەنگسەرای کوردانی خۆراسان

کوردانی خۆراسان ژمارەیان نزیک سێ ملیۆن کەسە و لە 22 هۆزی پێک دێن کە لە سەردەمی شا عەباسی سەفەویدا لە ناوچەی ورمێوە بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕاگوێزران و پاش دوورخرانەوەیان بە دووری دوو هەزار کیلۆمەتر لە کوردستان، لە باکووری خۆراسان گیرسانەوە. 

کوردانی خۆراسان، کە زیاتر لە چوارسەد ساڵە لە کوردستان و زێدی خۆیان دابڕاون، بەڵام زمان و کوڵتووری خۆیان پاراستووە، لە نێویاندا کەلیموڵلا تەوەحودی لە نیو سەدەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگ و کارای لە زیندووکردنەوەی هەستی کوردانە و پاراستنی زمان و کوڵتووری کوردانی خۆراساندا هەبووە.