لە دەروازەی کێلێ جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری ئاساییە

عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوبەری گومرگی ڕاپەڕین
عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوبەری گومرگی ڕاپەڕین

لە دەروازەی سنوری کێلێ 10 سانتیمەتر بەفر باریووە و شەوی ڕابردوو ڕێگەی دەروازە سنوورییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخرا بوو، بەڵام لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر ڕێگەکەیان پاک کردووتەوە و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری ئاسایی بووەتەوە. 

عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوبەری گومرگی ڕاپەڕین بە کوردستان24ی گوت: "لە ئێوارەی دوێنێوە بەفربارین لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی کێلێ لە سنووری قەڵادزێ دەستی پێ کردووە، بەڵام بە هەوڵ و کۆششی تیمەکانی پاککردنەوەی ڕێگەوبان نەیانهێشتووە جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازە سنوورییەکە پەکی بکەوێت، بەڵکو هەموو کارەکان بە ئاسایی بەڕێوەدەچن."

گوتیشی: "ساڵانی ڕابردوو لە کاتی بەفربارین لە دەوازە سنوورییەکان، تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر لە هەرێمی کوردستان هاوکاریی تیمەکانی ئێرانیان کردووە و لەودیوی سنوورەکەشەوە ڕێگەکانیان پاک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری پەکی نەکەوێت، بەڵام لە دوێنێوە تاوەکوو ئەمڕۆ جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە هەردوو دویوی سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە."

دەروازەی سنووری کێلێ لە دەڤەری پشدەر، ئیدارەی ڕاپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستان و شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە.