وەزارەتى خوێندنى باڵا: 121 قوتابی دیکە لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیران
وەزارەتی خوێندنی باڵا، دوو لیستى جیاى ناوى وەرگیراوانی لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، بڵاو کردەوە کە ژمارەیان 121 قوتابییە، ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەم قوتابییانە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سکاڵایان کردبوو بەهۆی نەهاتنەوەی ناویان و نەگەیشتنی فۆرمەکانیان بە قۆناغی کۆتایی.
چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، 65 قوتابی دیکە کە فۆڕمەکانیان نەگەیشتبووە قۆناغی کۆتایی و 56 قوتابی دیکەش بە پێی ئەنجامی سکاڵاکانیان، کە پێشتر ناویان نەگەڕابوونەوە، ئێستا ناوەکانیان گەڕانەوە و سەرجەمیان لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێم وەرگیران.
وەزارەتەکە، داوا لە سەرجەم وەرگیراوان دەکات، پەیوەندى بە بەش و کۆلێژەکانیان بکەن، بە مەبەستى جێبەجێکردنی مامەڵەى دەست بەکار بوون لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان.
بۆ بینینى لیستى وەرگیراوان لە ڕێگەى سکاڵا، کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
بۆ بینینى لیستى وەرگیراوان ئەوانەى فۆرمەکانیان نەگەیشتبوە قۆناغى کۆتایی، کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
ئەمەش لە کاتێکدایە سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاندبوو، لە ئەنجامى پڕکردنەوەى کورسیی بەتاڵ (698) قوتابی دیکە لە زانکۆکان وەرگیران.
هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دابوو، ڕێژهی 100%ـی قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادهیی له کەرکووک، شنگال، خانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران.